راپۆرتی تایبەت؛ بۆچی یاریزانانی ریال مەدرید لە راهێنانەکان ماسک بەکاردەهێنن؟
تایبەتمەندییەکانی ماسکەکە چین؟

یاریگا –
چەند رۆژێکە یاریزانانی ریال مەدرید لە مەشقەکاندا جۆرە ماسکێکی سەرنجڕاکێش و تایبەت بەکاردەهێنن کە چەند تایبەتمەندییەکی لەخۆگرتووە.
ماسکەکە چییە و بە گشتی کێ بەکاریدەهێنێت؟
ئەم جۆرە ماسکەی مێرەنگی بەکاریدەهێنێت ناوی (K5)ـە و لەلایەن کۆمپیانیای (کۆسمێد)ـی ئیتاڵی دروستکراوە، ماسکەکە ئیشی کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر توانای جەستەی یاریزانان بۆ بەکارهێنانی ئۆکسجین و بەرهەمهێنانی وزە لە کاتی راهێنانە چڕەکاندا. جانتایەکی بچووکی لەگەڵدایە کە لە پشتی یاریزانەکان دەبەسترێت و رێژەی هەڵمژینی ئۆکسجین و دانەوەی دوانۆکسیدی کاربۆن دیاریدەکات، راستەوخۆ لە رێگەی بلوتوزەوە زانیارییەکان بۆ ستافی راهێنەران دەگوازێتەوە. هەروەها، بەشێوەیەک دروستکراوە لە کاتی جووڵەکردندا جێگیر بێت و هەوا لێیەوە دزە ناکات، بێزارکەر نییە و لە کاتی بەکارهێنانیدا یاریزانەکان هەراسان ناکات.
نرخی هەر ماسکێک 35 هەزار دۆلارە، لە وەرزشە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە لە مەلەکردن و پاسکیلسواری زۆرترین سوودی لێ وەردەگیرێت، بەڵام لەنێو تۆپی پێدا کەمن ئەو یانانەی پشت بەو جۆرە ماسکە دەبەستن، تەنیا یانەکانی ریال مەدرید، بایرن میونشن، ساوپاولۆی بەڕازیلی و کڵەب تایگەرسی مەکسیکی ئەم ماسکە بەکاردەهێنن.
🎭 The masks are back! pic.twitter.com/ymQdJwc1kE
— Real Madrid C.F. 🇬🇧🇺🇸 (@realmadriden) February 4, 2026
بۆچی مەدرید ئەم ماسکە بەکاردەهێنێت؟
ئەم ماسکە لەسەر داوای ئانتۆنیۆ پینتۆس، راهێنەری توانای جەستەیی یانەکە بەکاردەهێندرێت، یاریزانانی ریال مەدرید لەنێو یاریگا رادەکەن و بەردەوام دەبێت خێراییان زیاتر بکەن تا دەگەنە ئاستێک ئیدی توانای راکردنیان نامێنێت، دواتر یانەکە کەڵک لە ئەنجامەکانی ئەو تاقیکردنەوەیەی پینتۆس وەردەگرێت و بەگوێرەی ئەنجامەکان پلانی مەشقکردن بۆ تیپەکە و یاریزانەکانیش وەکوو تاک دادەڕێژێت.
پینتۆس متمانەی تەواوی بەو پڕۆسەیە هەیە و پێشتریش لە سەردەمی کالۆ ئانچێلۆتی و زینەدین زێدان هەمان پلانی بەکارهێناوە. هاوکات، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانە شاهانەکە، کە دەسەڵاتی رەهای لەنێو یانەکەدا هەیە، پاڵپشتییەکی تەواوی پینتۆس دەکات و لە بەکارهێنانی هەر جۆرە تەکنەلۆژیا و رێگایەک سەرپشکی کردووە.


بۆچوونی یاریزانەکانە لەسەر ئەم جۆرە راهێنانە چییە؟
یاریزانانی ریال مەدرید ئەم جۆرە راهێنانە بە قورس دەزانن و حەزی پێناکەن، بەڵام لە سوودەکانیشی تێدەگەن، پێشتر خودی پینتۆس لەسەر ئەو بابەتە قسەی کردووە و دەڵێت یاریزانەکان ئارەزووی ئەو جۆرە راهێنانە ناکەن و یەکێکیان پێی گوتووم “ئانتۆنیۆ، تۆ شەیتانیت”.



