
یاریگا –
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سەختی بەرامبەر زەوڕا شکستی هێنا، یاریزانێکی زاخۆش هۆکاری شکستەکە ئاشکرا دەکات.
لە گەڕی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی تووشی دۆڕانێکی قورس هات و بە ئەنجامی 4 _ 2 بەرامبەر زەوڕا شکستی هێنا، وێڕای چاکبوونەوەی ئەحمەد ئیبراهیم و شێرکۆ کەریم لە پێکان، راهێنەری زاخۆ یاریی بەم دوو یاریزانە نەکرد.
بە هۆی شکستە گەورەکەوە، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەش کارگێڕی زاخۆ بڕیاریداوە لەگەڵ ویسام رزق، راهێنەری تیپەکە کۆبوونەوە بکەن و لە چەند کاتژمێری داهاتوو بڕیار لە چارەنووسی راهێنەرە قەتەڕیەکە دەدرێت، دوورخستنەوەی راهێنەرەکە بە رێژەیەکی زۆر بڕیاری دەستەی کارگێڕی دەبێت.
حەسەن رائید، یاریزانی زاخۆ دەربارەی شکستەکە یان بەرامبەر زەوڕا گووتی:
شکست ئەگەرێکی کراوەیە لە تۆپی پێدا، مەرج نیە هەموو کات تیپ لە دۆخێکی باشدا بێت، چەند خولەکێک سەرنجمان لە دەستدا لە نێو یاریگا ئەمەش وایکرد زەوڕا سوودی لێوەربگرێت، سوپاسی هاندەرانمان دەکەین رێگایەکی دووریان بڕی بۆ پاڵپشتیکردنمان، هەوڵدەدەین قەرەبووی بکەینەوە و بەڵێن بێت ئەنجامی باش بەدەست بهێنین.
زاخۆ بە 27 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق مایەوە، لە ئەگەری سەرکەوتنی دهۆک بەرامبەر کارەبا، زاخۆ ئەو ریزبەندیە لە دەست دەدات و دەگەڕێتەوە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە.
بە هۆی یارییەکەی بەرامبەر قادسیەی کوێتی لە گەڕی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، زاخۆ گەڕی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاریی ناکات.



