ئیمپڕاتۆرییەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ؛ هەموو شتێک لەبارەی سامانەکەی بزانە
رۆناڵدۆ خاوەنی چییە؟

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگ دەگێڕێت، یاریزانەکەی نەسڕ دەبێتە 41 ساڵ.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە یەکێکە لەو وەرزشکارانەی کە زۆرترین داهاتی هەیە لە جیهان، گرێبەستی ملیۆنان دۆلاری و وەبەرهێنانی گەورەی لە کەرتە جیاوازەکان هەیە، لەگەڵ کەڵەکچنێک لە ئۆتۆمبێلی گرانبەها.
پێگەی ئاس، لەم راپۆرتەدا وردەکاریی ئیمپڕاتۆرییەتی رۆناڵدۆ دەخاتەڕوو:
1. بەگوێرەی ماڵپەڕی فۆربس، داهاتی ساڵانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ 260 ملیۆن یۆرۆیە. 200 ملیۆن لە وەرزش پەیدا دەکات بەهۆی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ نەسڕ. لە دەرەوەی یاریگا 60 ملیۆن یۆرۆ پەیدا دەکات بەهۆی سپۆنسەر و ریکلامەکانییەوە.

2. کریستیانۆ یەکێکە لە گەورەترین ناودارەکانی جیهان و خاوەنی 665 ملیۆن شوێنکەوتووە لە ئینستاگرام. بە گوێرەی Hooper HQ بۆ هەر پۆستێک لەو سەکۆیە نزیکەی 3.5 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

3. بەگوێرەی فۆربس، لە ساڵی 2024 سەرمایەی خەمڵێندراوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ 1.2 ملیار یۆرۆ بووە.

4. رۆنالدۆ کەڵەکچنێک لە سەیارەی گرانبەهای هەیە. گرانبەهاترینیان ئۆتۆمبێل کە هەیبێت فێرارییە کە بەهاکەی 3 ملیۆن دۆلارە، لەگەڵ بوگاتی چیرۆنێک بە بەهای 2.5 ملیۆن یۆرۆ و بوگاتی ڤیرۆنێکی 1.6 ملیۆن یۆرۆیی، هەروەها فێرارییەک لە جۆری F12 TDF کە نرخەکەی 1 ملیۆن یۆرۆیە.

5. یاریزانەکەی پێشووی ریاڵ مەدرید لە ریزبەندی خاوەن زۆرترین داهاتی نێو وەرزشوانەکان لە پلەی سییەم دێت بە 2.23 ملیار دۆلار. بە گوێرەی فۆربس، مایکڵ جۆردن یەکەمە بە 4.15 ملیۆن دۆلار، لە پلەی دووەمیش تایگەر وودس دێت بە 2.79 ملیۆن دۆلار.

6. ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە 2003ـەوە گرێبەستی لەگەڵ نایک هەیە، تەنانەت پێش ئەوەی کاروانی پیشەگەریشی دەستپێبکات. رۆناڵدۆ لەنێو نایک خاوەنی براندی خۆیەتی بەناوی CR7، لەگەڵ گرێبەستێکی هەمیشەیی بە بەهای ملیارێک دۆلار کە وردەکارییەکانی تاوەکوو ئێستا نەزانراوە.

7. رۆناڵدۆ لەگەڵ گەورەترین زنجیرەی هۆتێلی لە پۆرتوگال، پێستانا هاوبەشی دروستکرد بۆ دروستکردنی براندی خۆی بەناوی ‘CR7 Lifestyle Hotels’ و تاوەکوو ئێستا خاوەنی 5 هۆتێلە لە مادێرا، لیشبۆنە، مەدرید، ماراکا و نیویۆرک. هۆتێلەکەی مەدرید ساڵانە 12 ملیۆن یۆرۆ داهاتی هەیە.

8. لە 2019 رۆناڵدۆ بە کردنەوەی ئینسپاریا بەختی خۆی تاقیکردەوە، کە یەکەم کلینیکی خۆی بوو بۆ چاندنەوەی قژ لە مەدرید. پڕۆژەکەی بە باشی بەڕێوەچوو و بازرگانییەکەی بۆ ماربێلا، ڤالێنسیا، بلباو و بارسێلۆنا فراوانترکرد. قازانجی بازرگانییەکەی لە ئێستا نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە.

9. کریستیانۆ لە 2024 بە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە پەرەپێدانی UFL کرد، کە یارییەکی ڤیدیۆیی تۆپی پێی نوێ بوو.

10. رۆناڵدۆ لە تەمووزی 2024 چەناڵی یوتیوبی خۆی بەناوی ‘UR Cristiano’ راگەیاند و لەو کاتەوە لە شکاندنی ریکۆردەکان نەوەستاوە. لە ماوەی 90 خولەکدا یەک ملیۆن سەبسکرایبی تێپەڕاند، لە 11 کاتژمێردا 10 ملیۆن و نیو سەبسکرایب و زیاتر لە 20 ملیۆن لە ماوەی یەک رۆژدا. ئێستا رۆناڵدۆ خاوەنی زیاتر لە 76 ملیۆن سەبسکرایبە، لە ئاستی وەرزشوانان بووە خاوەنی زۆرترین سەبسکرایب لە یوتیوب و یەکەم کەس کە لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەک ملیار فۆڵۆوەرز تێپەڕێنێت.



