
یاریگا –
راهێنەری زاخۆ پێش یارییەکەیان بەرامبەر زەوڕا هەواڵێکی خۆش رادەگەیەنێت و کاپتنی تیپەکەش بۆ یارییەکە ئامادەیە.
لە گەڕی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، پێنج شەممە ( 5ـی شووباتی 2026 ) زاخۆ لە یاریگای کاپتن شەرار حەیدەر لە بەغدا لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی زەوڕا دەبێتەوە، راهێنەری زاخۆ پێش ئەم یارییە هەواڵێکی خۆش بە هاندەرانی یانەکە دەدات و دەڵێت سەرجەم یاریزانەکانمان بۆ ئەم یارییە ئامادەن.
لە چەند رۆژی رابردوو ئەحمەد ئیبراهیمی کاپتنی یەکەمی تیپەکە و شێرکۆ کەریم ئەستێرەی زاخۆ، بە شێوەیەکی ئاسایی مەشقیان کردووە و بۆ یارییەکەی زەوڕا ئامادە دەبن، بەشداری پێکردنیان لە یارییەکەش بۆ بریاری راهێنەر دەگەڕێتەوە.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ دەربارەی ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ یارییەکە گووتی:
یارییەکە بۆ هەردوو یانە ئاسان نابێت، زەوڕا یانەیەکی بە نێوبانگە و مێژووی گەورەی لە خولەکە هەیە، رێزم بۆ زەوڕا بەڵام پێویستە سەربکەوین بۆ ئەوەی لە ریزبەندی پێشەوە نزیک بینەوە، تیپەکە بە تەواوی ئامادەیە، تەواوی یاریزانەکانیش بۆ یارییەکە ئامادەن، پێویستە یاریی رابردوو لە بیر بکەین و سێ خاڵی زەوڕا پێشکەشی هاندەرانمان بکەین.
زاخۆ 27 خاڵی هەیە لە ریزبەندی هەشتەم دێت، یاریی داهاتووشی دوا دەخرێت بە هۆی یارییەکەی بەرامبەر قدسیەی کوێتی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، زەوڕا 28 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



