
یاریگا –
مێرکاتۆی زستانە کۆتایی هات و یانەکانی لالیگا کەمترین گواستنەوەیان ئەنجامدا.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، لەسەر ئاستی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا لالیگا لە رووی خەرجکردنی پارەوە کەمترین جووڵەی کردووە، بە جۆرێک کە یانەکانی ئیسپانیا لەم مێرکاتۆیەدا بڕی 75.3 ملیۆن پاوەندیان لە کڕینی یاریزانان خەرجکردووە، هەرچەندە بە بەراورد بە مێرکاتۆی زستانەی رابردوو بڕی 32.84 ملیۆن پاوەند زیاتریان خەرجکردووە، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستی پێنج خولەکە کەمترین بڕە پارەی خەرجکردووە.
لە رووی فرۆشتنی یاریزانانەوە، یانەکانی لالیگا ریکۆردی تۆمارکردووە و بە بەهای 100 ملیۆن پاوەند یاریزانیان فرۆشتووە، ئەمەش لە ماوەی شەش وەرزی رابردوو یەکەم جارە رووبدات.
لە ناوخۆی خولەکەش جووڵەی یانەکان لە کڕینی یاریزانان ناهاوسەنگی پێوە دیارە، لە کۆی 20 یانە 9 یانە هیچ یاریزانێکیان نەگواستەوە، لەنێویاندا یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، بە پێچەوانەوە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید چالاکترین یانەی خولەکە بوو و بە کڕینی ئادێمۆلا لووکمان پێکهاتەکەی بەهێزتر کرد.




