ئەوروپاخولەکانی دیکه‌فەرەنسافەڕەنسا

دیشام هێشتا لە بەنزیمە نابوورێت

یاریگانێت- لەوەتەی دوورخستنەوەی کەریم بنزیمەی هێرشبەری ڕیاڵ مەدرید و بانگهێشت نەکردنەوەی بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لەلایەن دیشامی ڕاهێنەرەوە، هەمیشە جێگەی مشتومڕی هەوادارانی تۆپی پێ و بابەتی گەرمی ناوەندە میدیایەکان بووە.

بنزیمە بە تۆمەتی دەست هەبوون لە کاسێتە ئابڕووبەرەکەی ماتیۆ ڤاڵبیۆنا لە ساڵی 2015 تا ئێستا بانگهێشت نەکراوەتەوە بۆ ڕیزی کەڵەشێرەکان و، دیشامیش وا دیارە نیازێکی نییە لە لێخۆشبوونی کەریم.

لە تازەترین چاوپێکەوتنیدا کە بۆ (Europe 1) دواوە، ڕاهێنەرەکەی فەڕەنسای پاڵەوانی مۆندیال وەڵامی ئەو وتانە دەداتەوە کە کەریم ساڵی 2016 لە ڕۆژنامەی MARCدا بە ‘ڕەگەزپەرست’ تۆمەتباری کردبوو. بەلای دیشامەوە ئەو قسانە شتێکە قابیلی لێبوردن نییە، بۆیە دەبێژێت: “هەندێ خەڵک شتگەلێک دەڵێن کە ئاکامەکەی دەچێتە ئەوپەڕی سنوورەکانی تێگەشتنەوە. منیش هەرگیز لە شتێکی وا نابوورم.”

هەروەها دەشڵێت: “لەو کاتەشدا من ئەوەم وا لێک دایەوە کە سنووری بەزاندووە.”

وەک ڕەتدانەوەی قسەی یاریزانەکە و پاساوێک بۆ هەڵبژاردنی پێکهاتەکەی دوور لە هەر جیاکارییەک، دووپاتی دەکاتەوە: “من یاریزانی فەرەنسیی هەڵدەبژێرم، هەموویان فەڕەنسیین، هەرگیزیش شتی وام نەکردووە کەسێک هەڵنەبژاردبێت لەسەر بنەمای ڕەنگ و ئایینەکەی.”

بڕیاری دوورخستنەوەی بنزیمە بەبڕیارێکی هەڵەی تەکتیکی لێک دەدرایەوە و هاوکات وەک بابەتێک جیاکاریی تەماشا دەکرا، دیشام و کوڕانی توانیان بەبێ ئەو بگەنە فیناڵی یۆرۆی 2106 و هەروەها مۆندیالی 2018ی ڕووسیاشیان بردەوە.

هەرچی کوڕە جەزائیریی-فەڕەنسییەکەشە، سێ ساڵی لەسەر یەک لەگەڵ ڕیاڵ پاڵەوانی چامپیۆنس لیگن. ئەم وەرزەش لە کۆی 24 یاری 10 گۆڵی بۆ قەڵای سپی تۆمار کردووە.

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close