Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

راپۆرتی تایبەت؛ بۆ حەوتەمین وەرز ریال مەدرید هیچ یاریزانێکی لە مێرکاتۆی زستانەدا نەگواستەوە

بەرپرسانی یانەکە متمانەی تەواویان بە تیپەکە هەیە

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید بۆ حەوتەمین ساڵی لەسەریەک لە گواستنەوەی زستانەدا بێدەنگی هەڵبژارد و هیچ گواستنەوەیەکی ئەنجامنەدا.

شەوی رابردوو بە فەرمی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا داخرا و ئەم جارەش ریال مەدرید هیچ جووڵەیەکی نەکرد، ئەمە سەرەڕای قەیرانی پێکان کە چەند وەرزێکە بەرۆکی یانەکەی گرتووە.

رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی مێرەنگی پێیانوایە پێکهاتەی یانەکەیان بێ کەموکوڕییە، سەرەڕای پێکانە بەردەوامەکان هێشتا توانای رکابەرییان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان هەیە و گواستنەوەی یاریزان بە پێویست نازانن. دوایین جار کە ریال مەدرید لە ناوەڕاستی وەرزدا گواستنەوەی ئەنجامدا هێنانی براهیم دیاز بوو.

رۆژنامەکە نووسیویەتی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییە؛ دەرکردنی یانەکە لە جامی شای ئیسپانیا و لەدەستدانی جامی سوپەری ئیسپانیا، پلانەکانی یانەکەی نەگۆڕیوە، لەبری ئەوە سەرنجی زیاتریان خستووەتە سەر توانای جەستەیی و پێیانوایە هۆکاری ئەو ئەنجامە خراپانە بۆ لاوازی توانای جەستەیی یاریزانەکان دەگەڕێتەوە نەک نەبوونی یاریزان و کەموکوڕی لە پێکهاتەی یانەکەدا، بۆ ئەو مەبەستەش ئانتۆنیۆ پێنتوس گەڕێندراوەتەوە ستافی راهێنەران و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی توانای جەستەیی یاریزانەکانی پێسپێردراوە.

هاوکات، ریال مەدرید رێگەی بە رۆیشتنی هیچ یاریزانێکی یانەکەی نەدا، سەرەڕای ئەوەی یانەی بۆرنمس بۆ گواستنەوەی فڕان گارسیای بەرگریکاری باڵی چەپ هاتە سەرهێڵ و گرێبەستی پێشکەش بە مەدرید کرد، بەرگریکارەکەش ئارەزووی رۆیشتنی دەکرد، چونکە دەرفەتی یاریکردنی زۆر کەمبووەتەوە و وەکوو بەرگریکاری چوارەم لە باڵی چەپ لەدوای ئالڤارۆ کارێراس، ئێدواردۆ کاماڤینگا و فێرلاند مێندی پشتیپێدەبەسترێت، بەڵام بەرپرسانی لۆس بلانکۆس رەتیانکردەوە و رێگەیان لە رۆیشتنی گارسیا بۆ پرێمەرلیگ گرت.

رۆژنامە مەدریدییەکە لە کۆتاییدا دەڵێت، پەیامی بێرنابیۆ روونە؛ متمانەی بە پێکهاتەکەی هەیە و پێیوایە دەتوانن سەرجەم داواکارییەکانی یانەکە بەجێبهێنن، لە ئەگەری پێویستیدا دەتوانن پشت بە یاریزانانی کاستیا ببەستن و متمانەیان پێبکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button