سەرۆکی بایرن میونشن لە بریکارەکانی ئوپامیکانۆ دەترسێت
دەیانەوێت رازیبکەن لە بایرن بڕوات

یاریگا –
داهاتووی دایۆت ئوپامیکانۆ یەکێکە لە سەرەکیترین باسەکان لە تەواوی ئەوروپا.
نوێکردنەوەی گرێبەستی دایۆت ئوپامیکانۆ لەگەڵ بایرن میونشن چەند مانگێکە وەستاوە و تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێكکەوتن، ئەمەش وایکردووە داهاتووی بەرگریکارە فەڕەنسییەکە ببێتە سەرەکیترین باس لە یانە باڤارییەکە و تەواوی ئەوروپا.
ماوەیەک لەمەوبەر رۆژنامەنووسی ناودار، فابریزیۆ رۆمانۆ رایگەیاند کە بایرن لەگەڵ ئوپامیکانۆ بە زارەکی لەسەر خاڵە سەرەکییەکان، ماوەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و مووچەکەشی رێککەوتووە. ئەوەی ماوەتەوە تەنیا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەتی لە داهاتوو و کەی بۆ یانەکانی دیکە بەردەست بێت.
🚨❤️🤍 FC Bayern have reached verbal agreement on structure, length of new deal and salary with Dayot Upamecano.
The final key point discussed is a future release clause and when to make it available for other clubs.
🎥➕ https://t.co/HC7rt2a3qb pic.twitter.com/c9fYETYQ7z
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) January 7, 2026
لە چەند رۆژی رابردووشدا سکای سپۆرتس – ئەڵمانیا گۆمەکەی شڵەقاند و رایگەیاند کە بایرن میونشن ئۆفەرێکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئوپامیکانۆ تاوەکو 2030-2031 پێشکەشی یاریزانەکە کردووە، بەڵام بەرگریکارە فەڕەنسییەکە رەتیکردووەتەوە، ئەمەش سەرنجی بەرپرسانی لیڤەرپوولی بەلای خۆیدا راکێشاوە و لەنزیکەوە چاودێریی دۆخی بەرگریکارەکە دەکەن.
سەرچاوەکە روونیکردووەتەوە ئوپامیکانۆ گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دواخستووە، چونکە چاوەڕێی ئۆفەری ریاڵ مەدرید و لیڤەرپوول دەکات و نایەوێت چیدیکە درێسی یانە باڤارییەکە بپۆشێت.
بە گوێرەی رۆژنامەی ئاس، سەرۆکی یانەی بایرن میونشن، ئۆلی هۆینیس لە دوایین لێدوانیدا بێهیوا دەردەکەوێت و دان بەوەدا دەنێت کە لە کاریگەری بریکارەکانی یاریزانەکە ترساوە.
هۆینیس دەڵێت:
زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر دایۆت ئوپامیکانۆ بڕیاری مانەوە لە بایرن بدات، دەزانم خۆی و خێزانەکەی لە میونشن زۆر هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، بەڵام دەترسم بریکارەکانی هەر شتێک لە توانایان بێت بیکەن تاوەکو رازیبکەن یانەکە جێبهێڵێت.
دایۆت ئوپامیکانۆ ساڵی 2021 بە بڕی زیاتر لە 40 ملیۆن یۆرۆ لە لایپیزیگەوە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد و تاوەکوو ئێستا 118 یاریی بە درێسی یانە باڤارییە ئەنجامداوە، 3 بۆندسلیگا و 3 سوپەری ئەڵمانیشی لەگەڵ یانەکە بەدەست هێناوە.


