
یاریگا –
دهۆک لە دەرەوەى یاریگاى خۆى سەرکەوتنێکى گرینگى بە دەست هێنا و سەفا هادىیش هۆکارى سەرکەوتنەکەیان باس دەکات.
لە گەڕى 16ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، دهۆک لە یاریگاى نەجەف سەرکەوتنێکى گەورە و گرینگى بە دەست هێنا و 3 – 0 لە قاسمى بردەوە، یەکەم سەرکەوتنى هەڵۆکانى چیا بوو دواى شکستێک و دوو یەکسان بوون، سەفا هادى، ناوەڕاستکارى پێشووى نەجەف بۆ یەکەمجار دواى واژۆکردنى گرێبەست لەگەڵ دهۆک بەشداریى لە یارییەکە کرد.
عەبدولغەنى شەهد، راهێنەرى دهۆک لە کونگرەى رۆژنامەوانى دواى یارییەکە باسى لە هۆکارى سەرکەوتنەکەیان کرد و گووتى:
بەرامبەر قاسم ئاستێکى بەرزمان پێشکەش کرد، کارى باشمان کرد لەم یارییەدا بۆ ئەوەى سەرکەوین چونکە ئەم جۆرە یارییانە قورسە، سوپاسى یاریزانەکانم دەکەم تواناییەکى زۆریان بەکارهێنا بۆ سێ خاڵى ئەم یارییە،پیرۆزە لە هاندەرانمان کە هەمیشە خاڵێکى گرینگن بۆ پاڵپشتیمان.
سەفا هادى، دواى ئەوەى لە گواستنەوەى زستانە پەیوەندى بە دهۆک کرد، دەربارەى سەرکەوتنەکەیان رایگەیاند:
پێش یارییەکە بەڵێنمان دابوو سەرکەوتن تۆمار بکەین، پێویست بوو شوێنى خۆمان لە ریزبەندى زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، بۆ ئەم ئامانجەش تەواوى پلانەکانى راهێنەرمان جێبەجێ کرد، پیرۆزە لە هاندەرانمان تایبەت ئەوانەى لە یاریگا ئامادە بوون.
بەم سەرکەوتنە دهۆک بە 25 خاڵ هاتە ریزبەندى نۆیەمى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، گەڕى داهاتووش هەر لە دەرەوەى یاریگاى خۆى رووبەڕووى کارەبا دەبێتەوە.



