Loading...
خووله‌کانی دیکەگرنگترین

ئالان ماکسیمین بەهۆی رەگەزپەرستییەوە یانەکەی جێهێشت

رەگەزپەرستیان بەرامبەر منداڵەکانی کردووە

Yariga App

یاریگا –

ئالان سەینت ماکسیمین بەهۆی رەگەزپەرستی بەرامبەر منداڵەکانی مەکسیکی جێهێشت.

یانەی کڵەب ئەمریکای مەکسیکی بەفەرمی رۆیشتنی ئالان سەینت ماکسیمینی راگەیاند و سوپاسی یاریزانەکەی کرد کە درێسی یانەکەی پۆشیوە، هەروەها هیوای سەرکەوتنیان لە پڕۆژەکانی داهاتوو بۆ خواست.


کڵەب ئەمریکا لە ئابی 2025 بەرامبەر نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆ سەینت ماکسیمینی گواستەوە، یاریزانە فەڕەنسییەکە تەنیا 15 یاریی ئەنجامداوە، 3 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 گۆڵیشی دروستکردووە.

ماکسیمین بە هۆکاری رەگەزپەرستی لە وڵاتی مەکسیک بەرامبەر خۆی و منداڵەکانی بریاریداوە یانەکە جێبهێڵێت.

ئاندرێ جاردین، راهێنەری کڵەب ئەمریکا هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت؛
بەداخەوە منداڵەکانی سەینت ماکسیمین بەدەست رەگەزپەرستییەوە دەناڵێنن، چەندین جاریش ئەمە روویداوە.

منداڵەکانی ئالان سەینت ماکسیمین

سەینت ماکسیمین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە دوای جێهێشتنی یانەکە نووسیویەتی؛

کێشە رەنگی پێستتان نییە، بەڵکوو کێشە رەنگی بیرکردنەوەتانە. من هێرشم کراوەتەسەر کێشە نییە، من گەورە بووم و فێربووم چۆن بەرامبەر هێرشەکان بجەنگم…بەڵام شتێک هەیە هەرگیز بەرگەی ناگرم، ئەویش هێرشکردنەسەر منداڵەکانمە!

پارێزگاریکردن لە منداڵەکانم کاری لەپێشینەمە و دەجەنگم تاوەکوو دڵنیابمەوە لەوەی رێزیان لێدەگیرێت و خۆشەویست دەبن، بێگوێدانە پاشخان یان رەنگی پێستیان. رق و جیاوازیکردن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە.

دەمەوێت خەڵک تێبگات کە هەموو مرۆڤێک بێهاوتایە و بەنرخە، دەبێت بە رێز و شکۆوە مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەین.

دەمەوێت منداڵەکانم لە جیهانێکدا گەورەبن کە تێیدا بتوانن خۆیان بن و ناچار نەبن رووبەڕووی شتی پڕوپووچ ببنەوە، یاخود چەند رەفتارێکی بێمانا کە تەنیا مەبەست لێیان رووخاندن و ناکۆکییە.

بۆیە بەوانەی بوێریان هەبوو وا بەرامبەر منداڵەکانم بکەن، پێتان دەڵێم: ئێوە هەڵەتان کرد. من هەمیشە دەجەنگم بۆ پاراستنی منداڵەکانم و هیچ کەسێک و هەڕەشەیەک نییە بمترسێنێت.

تەنیا کەسێک لەسەر ئەم زەوییە کە دەمترسێنێت خودایە.

بابەتی زیاتر

Back to top button