ئەوروپائیسپانیافەرەنسا

دوای کرانە دەرەوەیان لەسەر دەستی گوێنگام، تۆخێل لێدوانی ئاگرین دەدادت لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانەوە

یاریگانێت/پاریس سێنت ژێرمان شەوی ڕابردوو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەسەر دەستی یانەی گوێنگامی میوان دووچاری شکست هات و لە قۆناغی چارەکی کۆتایی ماڵئاوایی لە جامی یانە پیشەگەرەکانی فەرەنسا کرد.

ئەگەرچی پاریس لە ڕێگەی نەیمارەوە دەستپێشخەرییان کرد لە گۆڵکردن، بەڵام دوو گۆڵی گوێنگام لە خولەکەکانی 81 و 93 بە لێدانی سزا یانەی خانەخوێی لەنێو یاریگای باخچەی شازادەکاندا تووشی شۆک کرد.

تۆماس تۆخێلی ڕاهێنەری پاریس نەیتوانی دوای یارییەکە تووڕەییەکانی خۆی لەهەمبەر بڕیارەکانی ناوبژیواندا بشارێتەوە و گوتی: “سەبارەت بە پەناڵتی دووەمیان تەنانەت هەر ناشتوانین قسەی لەبارەیەوە بکەین، چونکە پەستم دەکات. ئەو پەناڵتیە هیچی تیا نەبوو، بە ڕەهاییەوە دەیڵێم هیچی تیا نەبوو. ”

تۆخێل لەوەش زیاتر نیگەرانییەکانی لەبارەی ناوبژیوانەوە دەردەبرێت و دەڵێت: “ناوبژیوان تەماشای ڤار دەکات و هێشتاش دێت دەیکاتە پەناڵتی. هەمووی وا هەستیان بەو کارەی ناوبژیوان کرد وەک خۆشحاڵ بووبێت بەوەی لەگەڵ ئێمەیدا کرد.”
وەک زوڵم لە یانەکەی کرابێت بە بەراورد بە یانە زلهێزەکانی وەک ڕیاڵ و بارسا و بایەرن، ئەو راهێنەرە دەڵێت: “ئایا دەتوانرێت سێ پەناڵتی لە دژی ڕیاڵ یان بارسا یاخود بایەرن هەژمار بکرێت؟ دەبێت 100 ساڵ چاوەڕێی شتێکی وا بکەیت و هێشتاش ڕوو نادات. هەرگیز ڕوونادات. تەنانەت ڕێشی تێناچێ.”

شکستەکەی پاریس لە پێشبینییەکان بەدەر بوو، بەوپێیەی یانەکەی پایتەخت بە یاریزانە سەرەکییەکانیەوە یاری کرد و یانەی گوێنگامیش لە خولی فەرەنسیی  لەم وەرزە ئاستێکی ئێجگار خراپیشان دەدەن و لە ڕیزبەندیی کۆتاییدان.

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close