
یاریگا –
جارێکی دیکە داهاتووی مارتن ئۆدیگارد بووەتە بابەتی گەرمی رۆژ و دەنگۆی رۆیشتنی لە ئارسیناڵ پەرەدەسێنێت.
ماڵپەری فیچاخێس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ناوەڕاستکارە نەرویجییەکە لەگەڵ میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ، رەنگە یاریزانەکە بڕیاری بەجێهێشتنی گەنەرز بدات.
ماڵپەڕەکە روونیکردووەتەوە، ئۆدیگارد لە بڕیارە تاکتیکییەکانی ئارتێتا و رۆڵی خۆی لە پێکهاتەی یانە لەندەنییەکە بێزار بووە، ئەمەش رەنگە وا لە ئۆدیگارد بکەن لە هاویندا بڕیاری رۆیشتن بدات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆدیگارد سەرنجی یانەی ریال مەدرید بەلای خۆیدا راکێشاوە، بەڵام رەنگە تێچووی گواستنەوەکە 80 ملیۆن یۆرۆ بکەوێت و یانەکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕە پارەیە دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، بایرن میونشن هاتووەتە نێو کێبڕکێی گواستنەوەی ناوەڕاستکارە 27 ساڵانییەکە و بەدوای سەرکردایەتی داهێنەر دەگەڕێت بۆ هێڵی ناوەڕاست.
ئۆدیگارد گرێبەستەکەی لەگەڵ گەنەرز لە هاوینی ساڵی 2028 بەسەردەچێت، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 222 یاریی لەگەڵ یانەکەی کردووە، لەو ژمارە یارییە 42 گۆڵ و 43 ئەسیستی کردووە.



