دوایین پەرەسەندن؛ ماتێتا وێستگەی داهاتووی یاریکردنی دیاریدەکات
یانەی داهاتووی هەڵدەبژێرێت

یاریگا –
ژان فیلیپ ماتێتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسی لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس دەدات و یانەی داهاتووی دیاریدەکات.
ماتێتا بۆ یارییەکەی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر نۆتینگهام فۆرێست لە پێکهاتەی یانەکەی دوورخراوەتەوە، تەنیا چەند رۆژێک لە وادەی کۆتایی بۆ داخستنی بازاری گواستنەوەی یاریزانان ماوە و هێشتا چارەنووسی یەکلایینەبووەتەوە.
رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، پاڵاس لەگەڵ ئەیسی میلان بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە گفتوگۆدایە و یانەی نۆتینگهام فۆرێست هێشتا چاودێریی دۆخەکە دەکات، بەڵام ئۆلیڤێی گلاسنەر، راهێنەری کریستاڵ پاڵاس ئاشکرایکرد کە هیچ رێککەوتنێک لەسەر گواستنەوەی ماتێتا لەگەڵ هیچ یانەیەک نەکراوە و رەنگە یاریزانەکە لە یانەکە بمێنێتەوە.

هاوکات، تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، ماتێتا تەنیا دەیەوێت پەیوەندی بە ئەیسی میلان بکات، هەر لەبەر ئەو هۆیە بەشداریی یاریی داهاتووی یانەکەی ناکات و دەیەوێت چارەنووسی یەکلاییبکرێتەوە.
ماتێتا لەم وەرزەدا 34 یاریی بۆ یانەکەی کردووە، توانیویەتی 10 گۆڵ بکات و دوو گۆڵیش دروستبکات. لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس لە 186 یاریی، 56 گۆڵی کردووە و 13 گۆڵیشی دروستکردووە.



