فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا سزاکانی سەر هەڵبژاردەی سێنیگال و مەغریبی راگەیاند
سزاکان مۆندیالیش دەگرێتەوە؟

یاریگا –
سزاکانی ئاژاوەکەی یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا راگەیەنرا.
لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لەنێوان هەڵبژاردەی سێنیگال و مەغریب، یاریزانانی سێنیگال چوونەدەرەوەی یاریگا و ڕەتیانکردەوە یاری بکەن، دوای ئەوەی لە کاتی زیادکراودا لێدانێکی سزا بۆ هەڵبژاردەی مەغریب هەژمارکرا، بەمەش یارییەکە بۆ ماوەیەکی کاتی وەستا.
پاپێ تیاو، راهێنەری سێنیگال یاریزانەکانی بردە دەرەوەی یاریگا و سەرەنجام 16 خولەک یارییەکە دواکەوت، بۆیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا بڕیاری پێنج یاری راگرتن و پێبژاردنی 100 هەزار دۆلاری بەسەردا سەپاند.

ئیلمان ئێندیایێ و ئیسماعیلا سار هەر یەکێکیان بە دوو یاری راگرتن سزادران بەهۆی رەفتاری ناوەرزشی بەرامبەر ناوبژیوان.
ئیسماعیل سایبەریی یاریزانی هەڵبژاردەی مەغریبیش بە سێ یاری راگرتن و پێبژاردنی 100 هەزار دۆلار سزادرا، هەروەها کاپتنی هەڵبژاردەکە، ئەشڕەف حەکیمی بە دوو یاری راگرتن سزادرا، بەهەمان شێوە بەهۆکاری رەفتاری ناوەرزشی بەرامبەر ناوبژیوان.
هاوکات هەڵبژاردەی سێنیگالیش بە 615 هەزار دۆلار سزادرا بەهۆی شکاندنی یاساکانی فیدراسیۆنەکە. هەڵبژاردەی مەغریبیش بە 200 هەزار دۆلار سزادرا لەسەر رەفتاری نەشیاوی تۆپهێنەرەوەکان، کە چەندین جار هەوڵیاندا بۆ بردنی خاولییەکەی ئێدوارد مێندیی گۆڵپارێزی سێنیگال.

هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی شاهانەی مەغریبیش بە 100 هەزار دۆلار سزادرا بەهۆی رەفتاری نەشیاوی یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەی مەغریب، کە هێرشیانکردە سەر ناوچەی پێداچوونەوەی ڤار، هەروەها 15 هەزار دۆلاری دیکەش بەرامبەر بەکارهێنانی لێزەر لەلایەن هاندەرانەوە.
شایەنی باسە سزای راگرتنی هیچ کامێک لە یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەکان، یارییەکانی مۆندیال ناگرێتەوە و لە چوارچێوەی یەکێتی تۆپی پێی ئەفریقا دەمێننەوە.
وڵاتی مەغریب بەهۆی ئەم رووداوە ناوەرزشیانەوە دەرفەتی میواندارییکردنی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 لەدەستدا و سەرەتای ئەم هەفتەیە رافایل لۆزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیی رایگەیاند کە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا زیانی بە تۆپی پێی جیهان گەیاندووە، بۆیە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 لە ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت.
Senegal coach Pape Thiaw has been handed a five-match suspension by the governing body of African football with players of Senegal and Morocco also banned following chaotic scenes at the Africa Cup of Nations final.
Thiaw ushered his players off the pitch, leading to a 16-minute… pic.twitter.com/VPTmsZMspC
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) January 29, 2026



