یاریزانێکى پیشەگەرى تیپى یەکەمى زاخۆ بۆ تیپى خولى کوردستان یاریى دەکات
بێبەشەکانى گەڕى 13ـى خولى نایابى کوردستان

یاریگا –
سێ یاریزانى زاخۆ لە گەڕى داهاتووى خولى نایابى کوردستان یاریى ناکەن، یاریزانێکى پیشەگەرى تیپى یەکەم بۆ تیپى خولى کوردستان یاریى دەکات.
بۆ یارییەکانى گەڕى 13ـى خولى نایابى کوردستان نۆ یاریزان لەگەڵ یانەکانیان بێبەش دەبن، زاخۆ بە یاریى نەکردنى سێ یاریزان حاڵى تیپەکە پەرێشان دەبێت، هەریەک لە کارلۆس کایۆ و مونتەزەر محەمەد و محەمەد حاجى بە هۆى کەڵەکە بوونى کارتەکانیان ناتوانن بەرامبەر پیشەسازى یاریى بکەن، عومەر پاى گامبى کە گرێبەستى لەگەڵ زاخۆى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق واژۆ کردووە، بۆ یارییەکەى پیشەسازى بۆ تیپى زاخۆى خولى کوردستان یاریى دەکات.
عومەر پا، تا ئێستا ناوى لە لیستى یاریزانانى زاخۆ تۆمار نەکراوە بۆ ئەوەى لە خولى ئەستێرەکانى عێڕاق یاریى بۆ تیپەکە بکات، بە هۆى هەبوونى هەشت یاریزانى پیشەگەر لە ریزى زاخۆ لە خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، ناتوانرێ لە کاتى ئێستادا ناوى یاریزانە گامبیەکە زیاد بکرێت.
ئەزهەر فەتاح، لە دەربەندیخان، ئەنتۆنى چاندى لە شێروانە، سەجاد سەدام لە رزگارى، عەبدوڵا حەسەن لە قەڵادزێ، محەمەد مستەفا لە پیشەسازى، سەفین عەبدولخالق لە رانیە بە هۆى کەڵەکە بوونى کارتەکانیان لە گەڕى داهاتووى خولى نایابى کوردستان بێبەش دەبن.



