
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد بۆ ماوەیەکی درێژ لە تواناکانی ئەستێرەیەکی بێبەش دەبێت.
پێگەی ئاتلێتیک ڕایگەیاند؛ پاتریک دۆرگو بەهۆی پێکانەوە نزیکەی 10 هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت. یاریزانە 21 ساڵییەکە لە یارییەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ کە لە دەرەوەی هێڵی سزا گۆڵێکی نایابی کرد، لە گێمی دووەمدا تووشی پێکان بووە.
مانچێستەر یونایتد هێشتا خەمڵاندن بۆ ماوەی پێکانەکەی دەکات و کاتی دوورکەوتنەوەی بەتەواوی دیارینەکراوە.
دۆرگو کە لە پێکهاتەی مایکڵ کاریک وەکو هێرشبەری باڵی چەپ یاریی دەکرد، یەکێک بوو لە چەکە بەهێزەکانی ڕاهێنەرە کاتییەکەی شەیتانەسوورەکان. یاریزانە لاوەکە لە بردنەوەکانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ سەرەکی بوو و گۆڵیشی کرد.

10 هەفتە دوورکەوتنەوەی دۆرگو واتە دابڕان لە هەشت یاریی داهاتووی یانەکەی و پێشبینی دەکرێت دوای پشووی یاریی هەڵبژاردەکان بەرامبەر لیدز یونایتد لە 11ـی نیسان بگەڕێتەوە.
دۆرگو لەم وەرزەی مانچێستەر یونایتد بەشداریی 22 یاریی پرێمەرلیگی کردووە، سێ گۆڵی کردووە و سێ گۆڵیشی دروستکردووە،
یاریزانە دانیمارکییەکە شووباتی ساڵی رابردوو بەرامبەر 25 ملیۆن پاوەند لە لیچیی ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە شەیتانەسوورەکانەوە کرد.



