Loading...
ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

دی ماریا بەراوردی مێسی و کریستیانۆ دەکات و باشترین یانەی جیهان دەستنیشاندەکات

"ریال مەدرید گەورەترین یانەی جیهانە"

Yariga App

یاریگا –

ئانخێل دی ماریا ئاوڕێک لە دەستپێکی کاروانی وەرزشی دەداتەوە و باس لە  کۆمەڵێک بابەت و تەوەری گرنگ دەکات.

دی ماریا ئێستا گەڕاوەتە یانەی رۆزاریۆ سێنتڕاڵ، ئەو شوێنەی کاروانی یاریکردنی تێدا دەستپێکرد و لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی ئاس، باس لەوە دەکات، کە سەرەڕای بەدەستهێنانی سەرجەم نازناوەکان، لەنێویاندا مۆندیال، چامپیۆنزلیگ و کۆپا ئەمریکا، هەرگیز چاوەڕێێ سەرکەوتنی لەو شێوەیەی نەکردووە و تەنیا خەونی منداڵی یاریکردن بووە بۆ رۆزاریۆ سێنتڕاڵ.

هەرگیز وێنای ئەوەم نەدەکرد، خەونی من تەنیا یاریکردن بوو بۆ رۆزاریۆ سێنتڕاڵ، ئەوەی دواتر روویدا لەسایەی قوربانیدان و قۆستنەوەی دەرفەتەکان بوو، هەرجارێک شەمەندەرفێک تێدەپەڕی من سەردەکەوتم و دەیبردم بۆ شوێنە جیاوازەکانی جیهان کە سەرنجراکێشبوون.

دی ماریا بۆچوونی خۆی سەبارەت بە دەستنیشانکردنی ئالڤارۆ ئاربێلوا وەک راهێنەری ریال مەدرید دەردەبڕێت

نازانم وەک راهێنەر چۆنە، کەسێکی باش بوو، خۆشمدەویست و پەیوەندییەکی باشمان هەبوو، بە سەرەتایەکی باش دەستیپێنەکرد، بەڵام دواتر دۆخەکەی راستکردەوە، وادیارە شتەکان لەگەڵ ئەو باش بەڕێوەدەچن.

ئانخێل دی ماریا – کریستیانۆ رۆناڵدۆ – ئالڤارۆ ئاربێلوا

لەو 37 نازناوەی لە کاروانی وەرزشیدا بەدەستهێناون، کامیان لە هەموویان زیاتر دڵخۆشیان کردوویت؟

ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لەنێو هەموو نازناوەکاندا، بردنەوەی جامی کۆپا ئەمریکای ساڵی 2021 بە گرنگترین نازناوی ژیانی هەڵدەبژێرێت.

کۆپا ئەمریکای 2021، بردنەوە لە بەڕازیل بە تاکە گۆڵێکی من یەکێک بوو لە جوانترین ساتەکانی کاروانی یاریکردنم، چونکە کۆتایی بە چاوەڕوانی 28 ساڵەی ئەرجەنتین هێنا.

دی ماریا لەگەڵ نازناوی کۆپا ئەمریکا

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، دی ماریا رەتیکردەوە بگەڕێتەوە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و رایگەیاند کە نەوەی داهاتوو شایەنی ئەوەن دەرفەتی یاریکردنیان لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ بڕەخسێت.

کاروانی وەرزشیم لەگەڵ ئەرجەنتین کۆتایی هات، هەموو ئەوەی ویستم بەدەستمهێنا، ئێستا کاتی ئەوەیە دەرفەت بە کەسانی دیکەیە بدرێت

باسێک لەو یانانەی دی ماریا یاری بۆ کردوون

دی ماریا باس لەو یانانە دەکات کە یاری بۆ کردوون و پێیوایە ریال مەدرید گەورەترین یانەی جیهانە، رۆیشتنی لەو یانەکە بە ئازاربەخش ناودەبات، هەروەها ستایشی جۆزێ مۆرینیۆ و کارلۆ ئانچێلۆتی دەکات. 

مەدرید گەورەترین یانەی جیهانە، بەجێهێشتنی ئەو یانەیە ئازاریدام، دەگوترا دەمەوێت هەمان نازناوەکانی کریستیانۆ ببمەوە، بەڵام ئەوە درۆ بوو، چۆن دەتوانم هەمان ئەو نازناوانەی کەسێک بەدەستبهێنم کە خاوەنی چەندین باڵۆن دۆرە، زۆر دڵخۆشبووم و چامپیۆنزلیگم بردبوویەوە، ئانچێلۆتیش نەیدەویست بڕۆم بەڵام جەیمس رۆدرگێز هاتبوو.

بۆچوونی دی ماریا سەبارەت بە مێسی رۆناڵدۆ

کریستیانۆ ژمارە یەکە، بەهۆی هەوڵ و کۆششی زۆر بوو بەو کەسە، بەڵام مێسی خاوەن بەهرەی سرووشتی بوو کە خودا پێی بەخشیبوو.

لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ

 بۆچوونی دی ماریا سەبارەت بە یاریزانە لاوەکان

یاریزانانی وەک نیکۆ پاز و فرانکۆ ماستانتونۆ خاوەن توانای گەورەن

بۆچوونی دی ماریا دەربارەی بە بوون بە راهێنەر

بەدڵنیاییەوە دوای وازهێنانم لە یاریکردن دەمەوێت ببمە راهێنەر و هەوڵنادەم لە هیچ راهێنەرێک بچم، دەمەوێت خۆم بم، وەک چۆن کە یاریزان بووم هەوڵم نەدەدا لە کەس بچم.

بە منداڵی حەزت دەکرد ببیتە گۆڵپارێز؟

بەڵێ، زۆرم حەز دەکرد، بەڵام قاچی چەپم لە دەستەکانم بەهێزتربوون، بۆیە بووم بە هێرشبەر

بابەتی زیاتر

Back to top button