ناوخۆی بارسێلۆنا؛ گۆڵە ناوازەکەی یامال، کێ جێگەی پێدری دەگرێتەوە؟
پڕکردنەوەی جێگەی پێدری قورسە

یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەی “ناوخۆی بارسێلۆنا” کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بەدرێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی بارسێلۆنا پێشکەشی هاندەرانی بلاوگرانا دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی بارسێلۆنا و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای بارسێلۆنا چییە؟
لامین یامال رەنگە یەکێک لە باشترین گۆڵەکانی خۆی بۆ بارسێلۆنا کردبێت، لە پاسێکی دانی ئۆلمۆوە بە لێدانێکی مقەستی ناوازە گۆڵی کرد، کاتێک 3-0 لە ریاڵ ئۆڤیێدۆیان بردەوە.

بارسێلۆنا لە سەرەتادا لە باشترین ئاستی خۆی نەبوو، ئۆڤیێدۆ لەرووی ستایلی جەستەییەوە لە کامپ نۆو کێشەی دروستکرد، بەڵام تیمەکەی هانزی فلیک دوای گێمی یەکەم باشتربوو. یامال لە گۆڵی یەکەمدا رۆڵێکی گرنگی بینی، فشاری بەرزی کرد و ئۆلمۆی خستە دۆخی گۆڵکردنەوە.
هانزی فلیک دەڵێت؛ بەلای منەوە گرنگترین شت فشارەکەی یامال بوو لە گۆڵی یەکەم، ئەمە یارمەتیداین یارییەکە بکەینەوە و براوەبین.
رافینیا گۆڵی دووەمی تۆکرد دوای هەڵەیەکی ئۆڤیێدۆ، پێش ئەوەی یامال گۆڵە ناوازەکەی بکات. یاریزانە 18 ساڵەکە لە ساتێکی گرنگی وەرزەکەدا گەڕاوەتەوە باشترین ئاستی خۆی.
فلیک ستایشی یامالی کرد، بەڵام سەرنجی تەواوی لەسەر تیمەکە هێشتەوە. ئەو گۆڵەی یامال هەمیشە لەبیری هاندەرانی بارسێلۆنا دەمێنێتەوە و ئێستا یانەکە سەرنج دەخاتەسەر چامپیۆنزلیگ.
بارسێلۆنا چۆن بەبێ پێدری زاڵبوو؟
ناخۆشترین هەواڵی هەفتەی رابردوو بۆ بارسێلۆنا پێکانی پێدری بوو، کە بۆ ماوەی مانگێک دوور دەکەوێتەوە. فلیک بەرامبەر ئۆڤیێدۆ گۆڕانکاریی ئەنجامدا، کە ئەمەش بڕیارێکی ژیرانە بوو چونکە ئەوان لە خوارەوەی ریزبەندی لالیگان و بارسێلۆناش لە چامپیۆنزلیگ رۆژی چوارشەممە یارییەکی گرنگی هەیە. مارک کاسادۆ لە هێڵی ناوەڕاست لە تەنیشت فرانکی دی یۆنگ جێگەی پێدری گرتەوە، یەکەم یاریی کاسادۆ بوو بەشێوەی سەرەکی لەوەتەی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو.

کاسۆ یارییەکی ناوازەی نەکرد، بەڵام بەشی پێویستی کرد. ئێستا فلیک کاتی هەیە تاوەکو لە نەبوونی پێدری بژاردەی دیکە تاقی بکاتەوە.
پێدری لە یارییەکەی بەرامبەر سلاڤیا پراگ ئازاری پێگەیشت، لە سەرەتا تیمی پزیشکی ترسیان هەبوو پێکانێکی سەخت بێت، بەڵام دواتر پشکنینەکان دەریانخست بەو شێوەیەش خراپ نەبوو کە دەرکەوت. لەگەڵ ئەوەشدا پێدری بەلایەنی کەمەوە حەوت یاری دادەبڕێت.
پڕکردنەوەی جێگەی پێدری قورسە چونکە بە باشی پارێزگاری لە تۆپ دەکات، هەلی گۆڵ دەڕەخسێنێت و یارمەتیدەرە لە بەدەستهێنانەوە تۆپ. دانی ئۆلمۆ لە باشترین جێگرەوە دەچێت، بەوپێیەی فلیک پێشووتر لەگەڵ دی یۆنگ یاریی پێکردووە و لە یارییەکەی سێلتا ڤیگۆ سەرسامبوو بە ئاستیان.
فلیک رەنگە سیستمی بە نۆرە بەکاربهێنێت بۆ پارێزگاریکردن لە توانای جەستەیی یاریزانەکان. ئێریک گارسیا و مارک بێرنال بژاردەن، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە گارسیا لە هێڵی بەرگری یاری دەکات و بێرنالیش دوای پێکانە سەختەکەی هێشتا لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی توانای جەستەییەتی.

دی یۆنگ لە چامپیۆنزلیگ راگیراوە بۆیە رەنگە فلیک لە چوارشەممە ئۆلمۆ و گارسیا بەیەکەوە لە هێڵی ناوەڕاست یاری پێبکات.
لە یارییەکەی یەکشەممە چیدیکەمان بۆ دەرکەوت؟
کەسە نزیکەکانی مارک بێرنال دانیان بەوەداناوە یاریزانەکە دڵخۆش نییە بەو دەرفەتانەی پێی دەدرێت و بەدووری نازانن لە داهاتوو بڕوات، بەڵام بۆ ئێستا فلیک ناتوانێت دەستبەرداری هیچ یاریزانێکی دیکە ببێت.
فلیک بە یاریپێکردنی کاسادۆ بەرامبەر ئۆڤیێدۆ نیشانیدا کە یاریزانەکە هێشتا لە پلانەکانی دایە. بارسێلۆنا بەهۆی سنوورداریی مووچەی لالیگاوە ناتوانێت یاریزانی نوێ بگوازێتەوە.

فلیک گووتی؛ پێویستمان بە هەمووانە، کاسادۆ یاریزانێکی پیشەگەرە و لە راهێنانەکان بە سەختی هەوڵ دەدات و شایستەی سەرەکیبوونە، ئەوەی لەوم بینی بەدڵم بوو.
جواو کانسیلۆش بۆ یەکەمجار لەدوای گەڕانەوەی بەشێوەی خواستن سەرەکی بوو، وەکو بەرگریکاری باڵی چەپ یاریی کرد، یاریەکی باشی پێشکەشکرد بەڵام هێشتا لە باشترین ئاستی خۆی نییە. فلیک گووتی؛ کانسێلۆ تازە پەیوەندی بە تیمەکەوە کردووە، ئەو کوالێتییەکی بەرزی هەیە و هێشتا پێویستی بە کاتە تاوەکو خۆی بگونجێنێت و باشتربێت، بەتایبەت بەهۆی ئەو فشارە توندەی ئێمە دەیکەین.
پێویستە ئەم هەفتەیە چی بزانین؟
پێدرۆ فێرناندێز، کە بە درۆ ناسراوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد. بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لەسەر گواستنەوەی یاریزانە 18 ساڵییەکە بەشێوەی هەمیشەیی رێککەوتن.
پاریس سانجێرمان بڕگەی شکاندنی گرێبەستی یاریزانەکەی چالاک نەکرد کە بەهاکەی شەش ملیۆن یۆرۆ بوو، لەبری ئەوە گفتوگۆی گرێبەستێکیان کرد چونکە لە ئیسپانیا لەگەڵ هەڵئاوسان بەهای شکاندنی گرێبەستەکان زیاد دەکات. دەرئەنجام بارسێلۆنا پارەیەکی زیاتر وەردەگرێت و پێشبینی دەکرێت نزیکەی هەشت ملیۆن یۆرۆ بێت. پێدەچێت فێرناندێز دواین یاریزانی بارسێلۆنا بێت کە لە یەنایەر/کانوونی دووەم یانەکە جێبهێڵێت.
لەنێو یاریگا بارسێلۆنا ئێستا سەرنجی لەسەر یارییەکەی چامپیۆنزلیگە بەرامبەر کۆپنهاگن، پێویستە بردنەوە بەدەست بهێنن و زۆرترین گۆڵ بکەن تاوەکو لە هەشت یانەکەی یەکەم و دووربن لە ئەنجامدانی یاریی پاشکۆ.
بارسێلۆنا بە دوایین بردنەوەی بەرامبەر پراگ، کەوتنە دۆخێکی باشەوە. پاریس سانجێرمان و نیوکاسڵ لە دوایین یارییدا بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن، بلاوگرانا دەرفەتێکی باشی هەیە سوود لەمە وەربگرێت و ریزبەندی هەشت یانەکەی پێشەوە مسۆگەر بکات.



