
یاریگا –
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە و بۆ ئەم یارییەش توانای سێ یاریزانی سەرەکی لە دەست دەدات.
دوای یەکسان بوونی لە دێڕبی بادینان بەرامبەر دهۆک، سێ شەممە ( 27ـی کانوونی دووەمی 2026 ) زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەرامبەر نەجەف یاریی دەکات، بۆ ئەم یارییە بە هۆی پێکانەوە زاخۆ لە توانای گابی کیکی بەرگریکار بێبەش دەبێت، هەر یەک لە یاریزانان یوسف ئالوسی و محەمەد عەلی عەبودیش بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانیان یاریی ناکەن.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی بۆ ئەم یارییە گووتی:
یارییەکە بۆ هەردوو یانە ئاسان نابێت، دوای گۆڕانکارییەکان لە نەجەف ئاستی تیپەکە باشتر دەردەکەوێت، ئامادەین بۆ یارییەکە و لە ئاستی یاریزانەکانم رازیم، چەند یاریزانێکمان ناتوانن یاریی بکەن بەڵام یەدەگی باشمان هەیە بۆ شوێنگرتنەوەیان.
ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری زاخۆ لەسەر ئامانجی تیپەکە لە یارییەکە و ئامادەیی یاریزانەکان بۆ یارییەکە رایگەیاند:
بۆ ئەم یارییە و تەواوی یارییەکانی تریش دەبێ ئامادەبین، دەمانەوێ کێبڕکێی ریزبەندی پێشەوە بکەین، ئەنجامی تیپەکە باشە کە ئەمەش دەبێتە پاڵنەر بۆ یارییەکان، پێویستە پلانەکانی ڕاهێنەر بە تەواوی جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوتووبین.
زاخۆ بە 23 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولەکە دێت و یاریی داهاتووش میوانداری مینا دەکات، نەجەف بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت و یاریی زاخۆش یەکەم یاریی قەحتان جەسیر دەبێت وەک راهێنەری نوێی تیپەکە، نەجەف حەفت خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 19ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



