Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

ناوخۆی ریال مەدرید؛ ئاربێلوا چی گۆڕیووە و دوایین زانیاری لەبارەی ئارنۆڵد چییە؟

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەی “ناوخۆی ریال مەدرید” کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بەدرێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.

هەموو هەفتەیەک زانیاری ورد و شیکاری سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی مەدریدستاکان دەکەین.

ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.

زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟

پێشبینی دەکرا ریال مەدرید لە یارییەکەی شەممەی رابردوو بەرامبەر ڤیاریال تووشی ئاستەنگی گەورە ببێت و خاڵ لەدەستبدات، بەڵام بە دوو گۆڵی کیلیان ئێمباپێ 2-0 بردییەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.

یاریزانانی ریال مەدرید رۆحیەتی و هێزێکی زۆریان نیشاندا، بەتایبەت دوای بردنەوە لە مۆناکۆ 6-1 بەرەوپێشچوون و هاندانی زۆر لە تیپەکە بەدی دەکرێت و بەروونی کاریگەری شوێنپەنجەی ئالڤارۆ ئاربێلوا بەسەر تیپەکەوە دەرکەوتووە.

ئاربێلوا ریال مەدریدی گەڕاندووەتەوە رێڕەوە دروستەکە؟

 

دوو هەفتە لەمەوبەر کاتێک ئاربێلوا وەکو راهێنەری نوێی ریال مەدرید لە شوێنی چابی ئاڵۆنسۆ دەستنیشانکرا، گومان لەسەر تواناکانی دروست بوو، چونکە تاکە ئەزموونی ئەو راهێنەرە لاوە لەگەڵ تیپی لاوانی ریال مەدرید بوو، راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی دیکەی نەکردبوو.

ئاربێلوا خراپترین دەستپێکی هەبوو کاتێک لە جامی شای ئیسپانیا تووشی دۆڕانێکی شەرمەزارکەربوو، بەڵام بە سێ سەرکەوتنی بەدوای یەک دۆخی تیپەکەی ئاساییکردەوە.

دوای یارییەکەی ئالباسێتی، ریال مەدرید رووبەڕووی لێڤانتی بووەوە، بەڵام لەو یارییە هاندەران هێرشێکی زۆریان کردە سەر یاریزانان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزیان دەکرد.

لەکاتی ئامادەکاری بۆ یارییەکەی ڤیاڕیال، سەرچاوەکانی نزیک لە ستافی چابی ئاڵۆنسۆ بە ئاتلێتیکیان راگەیاندووە، پێشبینیان کردووە دۆخی ریال مەدرید ئاسایی بێتەوە و یاریزانەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن، چونکە ئێستا یاریزانەکان فشارێکی گەورەی هاندەرانیان لەسەرە و هەست بەوە دەکەن لە خراپی ئاستی یانەکە بەرپرسن و تۆمەتبارن بەوەی هەوڵی تەواو بۆ سەرکەوتن نادەن، سەرچاوەیەک لە نزیک یاریزانانی تیپی یەکەم هەمان شتی بۆ تۆڕەکە پشتڕاستکردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی دیکە لە ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە، ئێستا دۆخۆی ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید بەتەواوی ئاسایبووەتەوە و ئەو گرژیانە نەماون کە لە سەردەمی چابی ئاڵۆنسۆ هەبوون، ئاربیلوا وزەیەکی ئەرێنی زۆری خستووەتە ژوورەکە و کەشەکە زۆر لەبارە.

تیبو کۆرتوا دوای یارییەکە گووتی: پێموانیە گۆڕانکاری گەورە روویدابێت، هەموو راهێنەرێک شێوازی راهێنانی خۆی هەیە، بەڵام رەنگە ئێستا دۆخەکە باشتر بێت.

تاقیکردنەوەی گەورە لە مانگەکانی داهاتوو دەبێت، بەڵام لە ئێستاوە هەستێکی ئەرێنی زۆر لە تیپەکەدا دروست بووە و بڕوایان وایە دەتوانن بە ئەنجامێکی باش کۆتایی بەم وەرزە بهێنن. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە لەچاو دوایین هەفتەکانی چابی ئاڵۆنسۆ لەگەڵ یانەکە.

لە یارییەکەی شەممە چیدیکەمان بۆ دەرکەوت؟

کیلیان ئێمباپێ بە تۆمارکردنی گۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی بەردەوامە لە سەرکردایەتی کردنی تیپەکە.

هێرشبەرە 28 ساڵانییەکە لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 28 یاریی کردووە و 34 گۆڵی کردووە، بەرامبەر ڤیاریال لە خولەکی 47 گۆڵی یەکەمی کرد، لە دواساتەکانیش بە پانێنکا گۆڵی دووەمی کرد.

ئەو گۆڵەشی پێشکەشکرد بە براهیم دیاز، چونکە هێرشبەرە مەغریبییەکە لە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقا بە پانێنکا گۆڵی نەکرد و نازناوەکەیان لەدەستدا.

هەروەها ئاستی هێڵی بەرگری یەکێکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی یارییەکە کە دین هاوسن، ئالڤارۆ کارێراس، راوول ئاسێنسیۆ و ڤالڤێردی لەو هێڵە یارییان دەکرد، دەرکەوت دین هاوسن بەتەواوی لەڕووی جەستەییەوە ئامادەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو بەدەست پێکان دەیناڵاند.

ئاستە بەرزەکەی هێڵی بەرگری بۆ ریال مەدرید یەکجار دڵخۆشکەر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئانتۆنیۆ رودیگەر، ئێدێر میلیتاو، فێرلاند مێندی، دانی کارڤاخال و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد بەهۆی پێکان لە یانەکە دابڕاون.

هەفتەی رابردوو چیمان لەدەستچووە و پێویستە ئەم هەفتە چی بزانین؟

هەفتەی رابردوو دەنگۆی ئەوە هەبوو گوایە نێوان ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەری یانەکە و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد تێکچووە و ئاربێلوا نایەوێت پشت بەو یاریزانە ببەستێت.

بەڵام تۆڕی ئاتلێتیک زانیوویەتی، هیچ کێشەیەک لەنێوان ئاربێلوا و بەرگریکارە ئینگلیزەکە نییە، ئارنۆڵد بەمزووانە لە پێکانەکەی چاکدەبێتەوە و ئاربێلوا پشتی پێ دەبەستێت.

هەرچەندە روون نییە بۆ یارییەکەی چوارشەممە بەرامبەر بێنفیکا دەگەڕێتەوە یاخود نا، بەڵام چەند رۆژێکە بەشداریی مەشقە بەکۆمەڵەکانی کردووە و لە گەڕانەوە نزیکە.

ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە مەشقەکانی ریال مەدرید

ئێستا ئەوە ماوە بزانین دانی کارڤاخال دەگەڕێتەوە پێکهاتەی سەرەکی یاخود نا، لە یارییەکەی شەممە ڤالڤێردی لە پێکهاتەی سەرەکی بوو، کارڤاخالی 34 ساڵان وەک یاریزانه یەدەک بەشداربوو

رودیگەر گەڕاوەتەوە مەشقەکان و پێشبینی دەکرێت دوای یارییەکەی رایۆ ڤایێکانۆ بەتەواوی چاکبێتەوە و بۆ یاریکردن ئامادەبێت، بەڵام فێرلاند مێندی و ئێدێر میلیتاو هێشتا پێویستیان بە کاتی زیاترە.

لەلایەکی دیکە یانەکە تانەی لە بڕیارێکی دادگا داوە کە ریال مەدریدی تۆمەتبارکردووە بە دروستکردنی ژاوەژاو و بێزاکردنی دانیشتووانی بێرنابیۆ، کە رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە کۆنسێرتەکان لە نێوان مانگەکانی نیسان و ئەیلوولی 2024 کە لە بێرنابیۆ بەڕێوەچوون.

بابەتی زیاتر

Back to top button