ئارسیناڵ جوڵەی فەرمی بۆ گواستنەوەی خولیان ئالڤارێز دەکات
گەنەرز لێکۆڵینەوەی وردی دەستپێکردووە..

یاریگا –
ئارسیناڵ گرنگی بە گواستنەوەی خولیان ئالڤارێز، هێرشبری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەدات.
تۆڕی ESPN بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ بەدواداچوون بۆ ئەگەری گواستنەوەی خولیان ئالڤارێز هێرشبەری ئەرجەنتینی دەکات.
ئەندریا بێرتا بەڕێوەبەری وەرزشی گەنەرز پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە هەیە، 12 ساڵ لەو یانەیە کاری کردووە و لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو ئاتلێتیکۆی جێهێشت و رووی لە ئارسیناڵ کرد.
بێرتا لە مانگی ئابی 2024 دانوستاندنی بۆ گواستنەوەی ئالڤارێز لە مانچێستەر سیتی بە بڕی 95 ملیۆن یۆرۆ کرد و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ فێرناندۆ هیدالگۆ، بریکاری خولیان و کەمپەکەیدا هەیە.

بارسێلۆنا گرنگییەکی زۆر بە گواستنەوەی خولیان ئالڤارێز دەدات، بەڵام پێدەچێت بەهۆی کێشە داراییەکان نەتوانن گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی خولیان ئالڤارێز 500 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام رۆخی بلانکۆس ئەگەر بڕیاربدات دەستبەرداری ببێت ئەوا داوای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بەرپرسانی ئارسیناڵ ئێستا بە وردی لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە دەکۆڵنەوە، ئەگەر بزانن هەر دەرفەتێک بۆ گواستنەوەی هەیە، راستەوخۆ لە مێرکاتۆی هاوینە ئۆفەری فەرمی پێشکەش دەکەن.
ئالڤارێز تاوەکو هاوینی 2030 گرێبەستی لەگەڵ رۆخی بلانکۆس هەیە، بە درێسی ئەو یانەیە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 85 یاریی کردووە، 40 گۆڵی کردووە و 13 گۆڵی دروستکردووە.


