
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی تووشی شکستێکی گەورە هات و ڕەنگە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ناوچەی مەترسی دابەزین.
لە گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 3 _ 0 بەرامبەر کەرخ شکستی هێنا، ئەم شکستەی نەورۆز وادەکات لە ئەگەری سەرکەوتنی موسڵ بەرامبەر کارەبا و سەرکەوتنی نەفتی میسان بەرامبەر نەفت، جارێکی دیکە سوور پۆشەکانی سلێمانی دەکەونەوە ناوچەی مەترسیدار کە دابەزینە بۆ خولی نایابی عێڕاق.
وێڕای گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەکەیدا و هێنانی چەند یاریزانێک لە گواستنەوەی زستانە، نەورۆز نەیتوانیوە بە تەواوی لە ناوچەی دابەزین خۆی رزگار بکات، وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز هۆکاری شکستەکەیان بەرامبەر کەرخ ئاشکرا دەکات و دەڵێت:
کەرخ ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد، لەو باوەڕە نەبووین تووشی ئەم دۆڕانە قورسە بین، هەرچەندە ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد، یاریزانەکانمان چەند هەلێکی گۆڵکردنیان لە دەستدا کە دەکرا ئەنجامەکە بەلای خۆماندا بشکێنینەوە، بەڵام بەخت لەگەڵمان نەبوو هەلەکانیشمان لەدەستدا، سەرەڕای ئەمانەش دوو گۆڵمان لێ ڕەتکرایەوە.
لە دوای 14 گەڕ نەورۆز 13 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی 15ـی خولەکە دێت، لە گەڕی داهاتوو لە نێو یاریگای خۆی رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە، کەرخ حەفت یارییە شکستی نەهێناوە و بە 26 خاڵ و بە شێوەی کاتی هاتە ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.



