Loading...
عێراقکوردستانگرنگترین

هەموو ئامار و زانیارییەکانی یاریی دێربی بادینان بزانه‌

دێربی بادینان له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت

Yariga App

یاریگا –

لە یارییەکانی گه‌ڕی سێزده‌ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەردوو جەمسەرەکەی وەرزشی بادینان، زاخۆ و دهۆک، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگریندا بەیەک دەگەن.

ئەم یارییە کە بەهۆی هەستیاری و رکابەرییە مێژووییەکەی نێوانیان بە دێربیی بادینان دەناسرێت، ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگای هەردوو یانە و لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ده‌كرێت.

گواستنەوەی یارییەکە بۆ هەولێر؛ لە ترسی گرژی بۆ پاراستنی هاوسەنگی

بڕیاردرا یاریی لوتکەی نێوان زاخۆ و دهۆک لە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری لە هەولێر بكرێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ترسی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا هەبوو.

بۆ پاراستنی گیانی وەرزشی و دروستکردنی هاوسەنگی، بڕیاردرا یاریی چوون و هاتنی هەردوو تیپەکە لە هەولێر بێت.

هەرچەندە یانەی زاخۆ ئارەزووی دەکرد یارییەکە لە نێو یاریگا و لەبەردەم هاندەرانی خۆیدا بكات، بەڵام بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندی گشتی درا.

بەهۆی یاری یانەی هەولێر لە هەمان رۆژ، کاتی دەسپێکی دێربییەکە گۆڕدرا بۆ کاتژمێر 08:30ی شەو.

ئامارەکانی ئەم وەرزە؛ زاخۆ لە پێشەوەیە

 

ئەگەر سەیری بارودۆخی هەردوو تیپەکە بکەین لەم وەرزە، یانەی زاخۆ تا رادەیەک لە بارودۆخێکی باشتردایە، کوڕانی زاخۆ بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی هه‌شتی ریزبەندییه‌، لە کاتێکدا دهۆک بە 14 خاڵ لە پلەی 12یەم دەبینرێت.

لە رووی هێرشبەرییەوە، زاخۆ 17 گۆڵی تۆمارکردووە (بە تێکڕای 1.3 گۆڵ بۆ هەر یارییەک)، لە بەرامبەردا دهۆک 14 گۆڵی هەیە (تێکڕای 1.1 گۆڵ). بەڵام خاڵی بەهێزی زاخۆ لە بەرگرییەکەیدایە، کە تەنیا هه‌شت گۆڵی لێکراوە، لە کاتێکدا تۆڕی گۆڵەکەی دهۆک 12 جار هەژێنراوە.

مێژووی دوایین ڕووبەڕووبوونەوەکان؛ باڵادەستی بۆ دهۆکە

هەرچەندە زاخۆ ئەم وەرزە لە ریزبەندیدا باشترە، بەڵام مێژووی حه‌فت یاریی رابردووی نێوانیان ئاماژەیەکی دیکەمان پێ دەدات.

لەو حه‌فت یارییەدا، زاخۆ نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بەسەر دهۆکدا بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا دهۆک دوو جار براوە بووە و لە پێنج یاریشدا یەکسانبوون بەسەر ئەنجامەکاندا زاڵ بووە. لەو ماوەیەدا دهۆک 5 گۆڵ و زاخۆ 4 گۆڵیان تۆمارکردووە.

ئەستێرە و کلیلەکانی سەرکەوتن

هەردوو تیپەکە پشت بە چەند ئەستێرەیەکی کاریگەر دەبەستن. لە پێشەوەی گۆڵکاران، پیتەر گۆرگیس بۆ دهۆک بە شه‌ش گۆڵ مەترسییەکی گەورەیە، لە بەرامبەریشدا ئێچیتا دێپیوتی بە پێنج گۆڵ هیوای یەکەمی زاخۆیە بۆ هەژاندنی تۆڕی رکابەرەکەی.

لە ڕووی دروستکردنی هەلی گۆڵیشەوە، هەریەک لە ئەمجەد عەتوان له‌ زاخۆ و پیتەر گۆرگیسی یاریزانی دهۆک بە سێ ئەسیست بزوێنەری سەرەکی هێڵی هێرشبەری تیپەکانیانن.

شیکاری گۆڵەکان؛ هێرشبەری دهۆک بەرامبەر گشتگیریی زاخۆ

دابەشبوونی گۆڵەکان نیشانی دەدات کە شێوازی یاریکردنی هەردوو تیپ جیاوازە، یانەی زاخۆ تیپێکی گشتگیرە؛ گۆڵەکانی بەسەر هێڵی هێرشبەر (41%) و هێڵی ناوەڕاستدا (41%) بە یەکسانی دابەش بووە، تەنانەت هێڵی بەرگریش 12%ی گۆڵەکانی تۆمارکردووە.

بەڵام یانەی دهۆک بە تەواوی تیپێکی هێرشبەریە، بە جۆرێک کە 86%ی گۆڵەکانی لەلایەن یاریزانانی هێڵی پێشەوە تۆمارکراون و تەنیا 14%ی گۆڵەکانی لەلایەن یاریزانانی ناوەڕاستەوە بووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button