
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەى یاریگاى خۆى بەرامبەر کەرخ یاریى دەکات و راهێنەرى تیپەکەش باسى بەرزبوونەوەى ئاستى تیپەکە دەکات لە یارییەکانى ئەم دواییە.
لە گەڕى 14ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، پێنج شەممە ( 22ـى کانوونى دووەمى 2026) نەورۆز لە یاریگاى شەرار حەیدەر لە بەغدا کاتژمێر 3ـى ئێوارە رووبەڕووى کەرخ دەبێتەوە، تەواوى یاریزانەکانى نەوروز بۆ یارییەکە ئامادەن، کەنارییەکانى بەغدا بەبێ یاریزان حەسەن عەلى ناوەراستکار یاریى دەکەن کە لە یاریى رابردوو بەرامبەر ئەمانەى بەغدا بە کارتى سوور کرایە دەرەوەى یاریگا، کەرخ شەش یارییە بەدواى یەک لە خولى ئەستێرەکانى عێڕاق شکستى نەهێناوە.
وەلى کەریم، راهێنەرى نەوروز دەربارەى ئامادەکاریى تیپەکەى بۆ دەزگاکانى راگەیاندن گووتى:
یارییەکەمان بەرامبەر کەرخ ئاسان نابێت، بەرامبەر تیپێک یاریى دەکەین لە ریزبەندى حەفتەمە و پێکهاتەیەکى لاویان هەیە، هەڵەکانى سەرەتاى وەرزمان تاڕادەیەک چاککردۆتەوە بە هۆى هێنانى چەند یاریزانێکى پیشەگەرى بە توانا، ئێستا دەتوانم بڵێم تاڕاددەیەک پێکهاتەکەمان کەموکوڕى نیە و هەنگاوى باشمان ناوە بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى تیپەکە، پێویستە لەسەرکەوتن بەردەوام بین بۆ ئەوەى لە ناوچەى مەترسیدار دووربکەوینەوە.
نەورۆز لە گواستنەوەى زستانە بە هێنانى چەند یاریزانێکى پیشەگەر ئەنجامەکانى رێکخستۆتەوە و تاڕادەیەک لە ناوچەى مەترسیدار دوورکەوتۆتەوە، سوور پۆشەکان بە 13 خاڵ لە ریزبەندى 15 دێن و یاریى داهاتوو میواندارى گەڕمە دەکات، کەرخ 23 خاڵى هەیە و لە ریزبەندى حەفتەمى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق دێت.



