
یاریگا –
یانەی چوارقوڕنە بەهۆی کێشەی دارایی ئەگەری هەیە ئەمڕۆ دەستبەرداری سەرجەم یاریزانانی یانەکەی ببێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە رووداوەکان زانیوویەتی، یانەی چوارقوڕنە سەرجەم یاریزانانی تیپەکەی ئاگادارکردووەتەوە هەوڵدەدەن ئەمڕۆ مووچەیان پێبدەن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر نەتوانن ئەو کارە بکەن ئەوا هەر ئەمڕۆ مافی دەستبەرداربوون بە سەرجەم یاریزانانی تیپەکەیان دەدەن.
یانەی چوارقوڕنە زیاتر لە 50 رۆژە مووچەی بە یاریزانەکانی نەداوە و تیپەکە بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕیت، یاریگا زانیوویەتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 12:00 تاوەکو 14:00 چارەنووسی یانەی چوارقوڕنە بەتەواوی یەکلاییدەبێتەوە.

ئەگەر یانەکە بتوانێت تاوەکو ئەو کاتە مووچە بە یاریزانەکانی بدات ئەوا لە خولەکە بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر نەتوانێت ئەوا سەرجەم یاریزانەکان بەڕێدەکات و لە خولی نایابی کوردستان دەکشێنەوە.
ئەمشەو کاتژمێر 12 بەکاتی هەولێر دەرگای مێرکاتۆی زستانە لە خولی نایابی کوردستان دادەخرێت.
چوارقوڕنە لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لەکۆی 11 یاریی سێ یاریی بردووەتەوە، چوار یاریی یەکسانبووە و چوار یاریی دۆڕاوە، بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ پلەی هەشتەمی خولەکەی گرتووە.



