ئارسیناڵ دوو بەرگریکاری لاوی کردووەتە ئامانج

یاریگا –
یانەی ئارسیناڵ بەردەوامە لە بەهێزیکردنی هێڵی بەرگری و دەیەوێت بەرگریکارێک بگوازێتەوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیل ـی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ناتانیێل بڕاون و عوسمان دیۆماندێ چڕکردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی نوێترین پێشهاتەکانی گواستنەوەی یاریزانان گەنەرزی ناچارکردووە لە گرنگیپێدانی مارک گێی و جێرێمی ژاکێت بکشێتەوە.

میکێل ئارتێتا بەردەوام لە هەوڵی نوێکردنەوە و پتەوکردنی زیاتری هێڵی بەرگرییە، لە ماوەکانی رابردوودا ریکاردۆ کالافیۆری، مارتن هینکاپیێ و کریستیان مۆسکوێرای گواستنەوە ریزەکانی. بەگوێرەی سەرچاوەکە، گەنەرز بەوەندە ناوەستێت و دەیەوێت دوو بەرگریکاری دیکە بگوازێتەوە، چونکە بێن وایت لەلایەن یانەی ئێڤەرتن گرنگی پێدەدرێت و ئەگەری رۆیشتنی بەهێزە، هەروەها راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت زیاتر لە هێڵی ناوەڕاست یاری بە لویس سکێڵی بکات نەوەک بەرگری.

بەهای شکاندنی گرێبەستی گرێبەستی عوسمان دیۆماندێ لەگەڵ یانەی سپۆرتینگی پۆرتووگالی 70 ملیۆن پاوەندە، هەروەها نرخی ناتانیێل بڕاون بە 50 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێندرێت.



