ساندرۆ تۆنالی ئامانجی داهاتووی لیڤەرپووڵە
چەند بەربەستێک لەبەردەم رێدزە

یاریگا –
یانەی لیڤەرپووڵ چاوی بڕیوەتە تواناکانی ساندرۆ تۆنالی، ناوەڕاستکاری یانەی نیوکاسڵ یونایتد و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بیگوازێتەوە ئانفێڵد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فیچاخێس، یانەی لیڤەرپووڵ زۆر دەمێکە سەرسامی یاریزانە ئیتاڵییەکەیە و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی دەکات. بەرپرسانی لیڤەرپووڵ پێیانوایە تۆنالی ئەو یاریزانەیە دەتوانێت دووبارە هێڵی ناوەڕاستی یانەکە بنیاتبنێتەوە، چونکە یاریزانێکە دەتوانێت رۆڵی سەرکردایەتی بگێڕێت، توانای پاسدانی سەرسووڕهێنەرە، لە یارییە گەورەکاندا رۆڵێکی کاریگەری هەیە و هێڵی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ دەکات.
دۆخی تۆنالی لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ یونایتد
ناوەڕاستکارە 25 ساڵانییەکە یەکێکە لە یاریزانە گرنگەکانی ئێدی هاو، راهێنەری یانەکە، و بە شێوەی سەرەکی پشتیپێدەبەستێت. بەپێی سەرچاوەکە، یانەی نیوکاسڵ نرخی یاریزانەکە بە زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت و گرێبەستەکەشی تاوەکو ساڵی 2028 درێژەی هەیە.
بەربەستەکانی بەردەم لیڤەرپووڵ چین؟
یانەی یوڤێنتوس کێبڕکێی یانەی لیڤەرپووڵ دەکات لە گواستنەوەی یاریزانەکە. رێدز لە هەوڵی بەدەستهێنانی تۆنالی بە تەنیا نییە و خانمە پیرەکەش لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ئەستێرە ئیتاڵییەکە دەکات و دەیانەوێت بیگەڕێننەوە ئیتاڵیا. بەپێی سەرچاوەکە چاوەڕواندەکرێت هەردوو یانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا هیچ هەنگاوێک بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە نەنێن و چاوەڕێی گواستنەوەی هاوینە دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، لیڤەرپووڵ دەزانێت کە یانەی نیوکاسڵ بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە داوای بڕە پارەیەکی خەیاڵی دەکات، کە پێشبینیدەکرێت زیاتر 100 ملیۆن یۆرۆ بێت، ئەمەش گەورەترینە بەربەستە و بارگراناییەکی گەورەی دارایی دەخاتە سەر یانەکە.



