
یاریگا –
یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا لە نامەیەکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە یانە بەشداربووەکانی ئێران لە پاڵەوانەتیەکانی ئاسیا ناتوانن میوانداری یارییەکان بکەن.
ماوەی 10 رۆژە، بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کالاکان لە ئێران خەڵکی ناڕەزایی دەردەبڕن و خۆپێشاندان بەردەوامە و بەگشتی بارودۆخی وڵاتەکە ئاڵۆزە. لەدوای ئەم رووداوانەی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا لە نامەیەکدا فێدراسیونی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە هەرسێ یانەی، ئیستقلال، سێپاهان و تراکتۆر سازی کە بەشداری چامیۆنزلیگی ئاسیا یەک و دوو دەکەن، ناتوانن میوانداری یارییەکان بکەن و دەبێت یاریگایەکی دەرەوەی وڵات بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانیان هەڵبژێرن.
نامەی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بە ئیمەیڵ بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران نێردراوە، بەڵام پێدەچێت دوابەدوای داخستنی تەواوەتی ئینتەرنێت لە ئێران دوای دەستپێکردنی شۆڕشی نەتەوەیی، بەرپرسانی ئێران نامەکەیان بەدەست نەگەیشتووە یان هێشتا نەیانتوانیوە وەڵامی نامەکە بدەنەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەمە دووەم جارە کە یانەکانی ئێران لە میوانداریکردن بێبەش بکرێن. بڕیارە لە 10ی شوباتی 2026، تراکتۆر میوانداری یانەی سەدی قەتەر بکات، هەروەها بڕیارە ئیستقلال لە هەمان بەرواردا میوانداری یانەی حوسێنی ئوردنی بکات و رۆژی دواتر سێپاهان میوانداری یانەی ئەهلی قەتەر بکات.



