
یاریگا –
کۆمەڵێک یاریزانى پێشمەرگەى هەولێر ریزى تیپەکەیان جێهیشتووە راهێنەرى تیپەکەش دەیەوێت گۆڕانکارى گەورە لە تیپەکەیدا بکات.
دواى کۆتایى هاتنى قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستان، کۆمەڵێک یاریزان ڕۆیشتنیان لە پێشمەرگەى هەولێر ڕاگەیاند، کۆسرەت بایز، بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى وەرزشى یاریگا بە هۆى کەمى دەرفەتى یارییکردن ریزى تیپەکە جێدەهێڵێت و نزیکترین یانەش هەولێرى تیپى خولى کوردستانە یارىى بۆ بکات.
عومەر بیبۆ، یاریزانێکى دیکەیە کە ریزى پێشمەرگە جێدەهێڵێت، ئاکام ئارام، یاریزانى لاوى تیپەکە وازهێنانى خۆى لە یانەکە ڕاگەیاند و نزیکە گرێبەست لەگەڵ نەورۆزى ژێر ٢١ سالان واژۆ بکات، خەسرۆ محەمەدى بەرگریکار و دێلا ئەکۆرلى هێرشبەرى پیشەگەر و جەمالەدین حیکمەتۆڤى گۆڵپارێزیش ریزى یانەکە جێدەهێڵن.
دەربارەى ڕۆیشتنى یاریزانەکان لە یانەکە، سەرچاوەیەک بە تۆڕى وەرزشى یاریگا ى ڕاگەیاند کە تەها قادر راهێنەرى پێشمەرگەى هەولێر، بڕیاریداوە بۆ قۆناخى دووەمى خولى نایابى کوردستان گۆڕانکارى بکات و بۆ ئە مەبەستەش چەند یاریزانێکى نوێ لە چەند رۆژى داهاتوو دەگوازێتەوە، پێشمەرگەى هەولێر بە ١٢ خاڵ و لە ریزبەندى نۆیەم کۆتایى بە قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستان هێنا.



