
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا و لەو یارییەدا رووبەڕووی بارسیلۆنا دەبێتەوە، بەڵام بەر لەو یارییە گرنگ و چارەنووسسازە، یاریزانانی یانەکە لە ئاستی خۆیان ناڕازین و پێیانوایە باش یاریی ناکەن.
رۆژنامەنووسی بەناوبانگ، خۆسێ فیلێکس دیاز، لە رۆژنامەی ئاس، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، لۆس بلانکۆس سەرەڕای بردنەوەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە ناوخۆی یانەکە هێشتا متمانەبەخۆبوونی تەواو نییە و نیگەرانی لە شێوازی یاریکردنی یانەکە هەیە، بەرپرسان و یاریزانانی یانە سپیپۆشەکە پێیانوایە ئاستی ئێستای تیپەکە جێگای دڵخۆشی نییە، تەنها ئەنجامەکان وایکردووە ئەو راستییە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا دەرنەکەوێت.
بەپێی سەرچاوەکە، لەنێو یانەکە هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی بوار بۆ بەرەوپێشچوون و چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە، هەر بەو مەبەستە، یاریزانەکان لە جەدە کۆبوونەوەیەکیان کردووە، تێیدا تاووتوێی گرفتەکانی تیپەکەیان کردووە و چارەسەریان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستیان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان خستووەتەڕوو، هەروەها پێیانوایە ئاستی راستەقینەیان زۆر لەوە زیاترە و دەبێت بەرامبەر هاندەران و یانەکە هەست بە بەرپرسیارێتی زیاتر بکەن.
رۆژنامەنووسە نزیکەکەی لە ریال مەرید، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رەخنە و گلەییەکان رووی لە ستافی راهێنەران نییە، یاریزانەکان نایەوێت پشت لە راهێنەرەکەیان بکەن، بەڵکو ئەم جارە دەیانەویت یەکگرتوویی و توانای خۆیان بۆ هەموو لایەک بسەلمینن و ناسنامەی راستەقینەی ریال مەدرید پێشانی هەموو جیهان بدەن، یاریی کلاسیکۆش بە باشترین دەرفەت دەزانن و بەنیازن بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن، دەیانەویت بە بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا گومانەکانیان لەسەر خۆیان بڕەوێننەوە و رکابەرە دێرین و سەرسەختەکەشیان ببەزێنن.



