
یاریگا –
لە یارییەکى بە هێزدا، زاخۆ میواندارى ئەمانەى بەغدا دەکات و تواناى دوو یاریزانى سەرەکى تیپەکەشى بۆ دەگەڕێنەوە.
لە گەڕى 11ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، زاخۆ لە یاریگاى خۆى کاتژمێر 3ـى ئێوارە رووبەرووى ئەمانەى بەغدا دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە زاخۆ تواناى هەردوو یاریزان ئۆرینهۆى بەڕازیلى و ناسڕ محەمەدۆى یەمەنى بۆ دەگەڕێتەوە کە یاریى ڕابردوو بەرامبەر شوڕتە یارییات نەکرد بە هۆى وەرگرتنى کارتى سوور لە یاریى بەرامبەر کەرخ، بۆ ئەم یارییەش تواناى شێرکۆ کەریم لە دەست دەدات بە هۆى پێکانەوە.
ویسام رزق، راهێنەرى قەتەڕى زاخۆ دەربارەى گرینگى یارییەکە و ئامادەکارى تیپەکەى گووتى:
یارییەکە بۆ هەردوو یانە قوڕسە، ئەمانەى بەغدا تیپێکى باشن، ئامادەین بۆ یارییەکە بەڵام پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییە بکەین، هەردوو یانە لە خاڵ یەکسانین بۆیە زۆر پێویستمان بە سەرکەوتنە، بۆ ئەمەش داوادەکەم هاندەران بە باشى لە یاریگا ئامادەبن و هانى یاریزانەکان بدەن.
سێ یارییە زاخۆ لە خولى ئەستێرەکانى عێڕاق سەرکەوتنى بە دەست نە هێناوە، لە 10 یاریى چوار سەرکەوتن و سێ یەکسان بوون و سێ شکستى هەیە، بە 15 خاڵ لە ریزبەندى نۆیەمى خولەکە دێت، یاریى داهاتووش لە بەغدا بەرامبەر کارەبا یاریى دەکات، ئەمانەى بەغدا بە هەمان خاڵ و بە جیاوازى گۆڵ لە ریزبەندى 10ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق دێت.



