پاڵەوانى قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستان ئاشکرا بوو
دێڕبى ڕاپەرین بە یەکسان بوون کۆتایى هات

یاریگا –
قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستان کۆتایى هات و هەندرێنیش بەبێ شکست بووە پاڵەوان.
هەندرێن بووە پاڵەوانى قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستان، بە راهێنەرایەتى دڵشاد مەعروف یانەى هەندرێن بەبێ شکست کۆتایى بە قۆناخى یەکەمى خولەکە هێنا، هەندرێن حەفت سەرکەوتن و چوار یەکسان بوونى هەیە و بە ٢٥ خاڵ لە ریزبەندى یەکەمى یانەکان دێت.
دێڕبى ڕاپەرین لە نێوان قەڵادزێ و رانیە بە یەکسان بوون کۆتایى هات، پیش دەسپێکى یارییەکە گرژى و ئالۆزى لە نێوان دەستەى کارگێڕى هەردوو یانە روویدا کە خەریک بوو ببێتە هەڵوەشانەوەى یارییەکە، دواتر دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرا و یارییەکەش ١ – ١ کۆتایى هات، رانیە بە ١٣ خاڵ لە ریزبەندى شەشەم مایەوە و قەڵادزێش بە 10 خاڵ لە ریزبەندى دەیەم و پێش کۆتایى دێت.
ئاکرێ ریزبەندى دووەمى بۆ شێروانە چۆڵ کرد، ئاکرێ لە دەرەوەى یاریگاى خۆى ٤ -٢ بە زاخۆ دۆڕا و یەکەم شکستى بوو لەسەر دەستى یونس سلێمانى راهێنەر دواى دوو سەرکەوتن، ئاکرێ بە ریزبەندى چوارەم کۆتایى بە قۆناخى یەکەم هێنا بە ١٥ خاڵ، زاخۆش بە هەمان خاڵ و بە جیاوازى گۆڵ لە ریزبەندى پینجەم دێت.
شێروانە لە یاریگاى خۆى سەرکەوتنێکى گرینگى بە دەستهێنا و ١ – ٠ لە پیشەسازى بردەوە، بە ١٧ خاڵ شێروانە کۆتایى بە قۆناخى یەکەم هێنا، پیشەسازیش بە ١١ خاڵ و لە ریزبەندى دەیەم مایەوە، پێشمەرگەى هەولێر جارێکى دیکە نەیبردەوەو لە یاریگاى خۆى بەبێ گۆڵ لەگەڵ رزگارى یەکسان بوو، پێشمەرگە ١٢ خالى هەیە لە ریزبەندى نۆیەمە و رزگاریش بە ١٣ خاڵ لە ریزبەندى حەفتەمى خولى نایابى کوردستان دێت.


