هەندرێن دەیەوێت بەبێ شکست ببێتە پاڵەوانى قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستان
رزگارى بەبێ راهێنەر بەرامبەر پێشمەرگەى هەولێر یاریى دەکات

یاریگا –
رزگارى بەبێ ڕاهێنەر گەیشتۆتە هەولێر و ئامانجى هەندرێنیش کۆتایی هێنانى قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستانە بەبێ شکست.
پێنج شەممە ( 8ـى کانوونى دووەمى 2026) گەڕى 11ـەو کۆتا یاریى قۆناخى یەکەمى خولى نایابى کوردستان دەکرێت، لە دێڕبى ڕاپەرین قەلأدزێ میواندارى ڕانیە دەکات، ڕانیە بە هۆى کەڵەکەبوونى کارتەوە لە تواناى هەریەک لە یاریزانان کارزان باپیر و هەڵوێست کەمال بێبەش دەبێت، قەلأدزی نۆ خاڵى هەیە لە ریزبەندى ١١ دێت، ڕانیە بە ١٢ خاڵ لە ریزبەندى شەشەم دیت.
زاخۆ لە یاریگاى خۆى رووبەڕووى ئاکرێ دەبێتەوە، ئاشتى ئیدریس، بەرگریکارى ئاکرێ بە هۆى سێ کارتى زەردەوە لەم یارییە یاریى ناکات، ئاکرێ دواى دەستبەکاربوونى یونس سلێمان وەک ڕاهێنەرى تیپەکە لە دوو یاریى ڕابردوو سەرکەوتنى بەدەست هێناوە، زاخۆ بە ١٢ خاڵ لە ریزبەندى هەشتەمە و ئاکرێ بە ١٥ خاڵ لە ریزبەندى دووەم دێت.
هەندرێن لە یاریگاى خۆى بەرامبەر چوارقوڕنە یاریى دەکات، هەندرێن دەیەوێت بەبێ شکست کۆتایى بە قۆناخى یەکەمى خولەکە بهێنێت، تەواوى یاریزانانى هەردوو یانە بۆ یارییەکە ئامادەن و هیچ پێکراوێک یاخود راگیراوێکیان نیە، هەندرێن بە ٢٢ خاڵ لە پیشەنگه و چوارقوڕنە بە ١٣ خاڵ لە ریزبەندى پێنجەم دێت.
پێشمەرگەى هەولێر لە پیرمام میواندارى رزگارى دەکات، دواى دەستلەکارکێشانەوەى هۆگر عەبدوڵا لە راهێنەرایەتى رزگارى، تیپەکە بەبێ راهێنەر گەشتى هەولێرى کردووە، بە گوێرەوەى بە دواداچوونەکانى تۆڕى وەرزشى یاریگا سیروان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى یانەکە پێکهاتەى تیپەکە بۆ یارییەکە دادەنێت، پیشمەرگەى هەولێر بە ١١ خاڵ لە ریزبەندى نۆیەم دێت، رزگارىش بە ١٢ خاڵ لە ریزبەندى حەفتەمى خولەکە دێت.
شێروانە لەبەردەم هاندەرانى خۆى بەرامبەر پیشەسازى یاریى دەکات، بۆ ئەم یارییە بە هۆى کەڵەکە بوونى کارتەکانیان شێروانە لە تواناى هەریەک لە یاریزانان موئەیەد سەفا و رامیار جەلال بێبەش دەبێت، پیشەسازیش تواناى نیاز مەغدید لە دەست دەدات کە لە یارى رابردوو بەرامبەر پێشمەرگەى هەولێر کارتى سوورى وەرگرت، شێروانە ١٤ خاڵى هەیە لە ریزبەندى چوارەم دێت، پیشەسازیش بە ١١ خاڵ لە ریزبەندى دەیەمى خولى نایابى کوردستان دێت.

