فەرمی: نێیمار گرێبەستەکەی لەگەڵ سانتۆس درێژکردەوە

نێیمار داسیلڤا بەفەرمی لە سانتۆس دەمێنێتەوە و لەو یانەیەوە هەوڵ بە گەیشتن دەدات بۆ جامی جیهانی.
سانتۆس بە زەحمەتییەکی زۆر خۆیان پاراست لە دابەزین بۆ ریزی پلە دوو، هۆکاری یەکەمیش نێیمار داسیلڤا بوو کە لەکۆتا هەفتەکاندا ئاستێکی بەرزی نیشاندا و لە پێنج یاریدا پێنج گۆڵی تۆمارکرد. ئەمڕۆش راگەیەندرا نێیمار کۆتایی ئەمساڵ و بۆ 12 مانگ گرێبەستەکەی تازەکردووەتەوە.
نێیمار بە پێکانەوە یاری بۆ سانتۆس ئەنجامدا و پاش کۆتایی وەرز نەشتەرگەرییەکی ئەنجامدا. بڕیار وایە هەموو توانا و سەرنجی لەسەر بانگهێشتکردنی بێت بۆ جامی جیهانی هاوینی ئەمساڵ.
ئەستێرە ناودارەکە لە ساڵی 2023 ـەوە بانگهێشتی بەڕازیل نەکراوەتەوە. ناوبراو دوای تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە پەیامێکدا لە پێگەی خۆی وتی
من لێرە لە ماڵی خۆم دام. بە هاندەرانیش دەڵێم لەگەڵ ئێوە دەتوانین هەموو خەونەکانمان بەدەست بهێنین.
کارلۆ ئەنچلۆتی راهێنەری بەڕازیل، لە مانگی دەی ساڵی رابردوو بە راشکاوانە وتی نێیمار هاوشێوەی هەموو یاریزانەکانی دیکە دەبێت تواناکانی بسەلمێنێت تاوەکو بانگهێشتی جامی جیهانی بکرێتەوە سەرباری ئەوەی گۆڵکاری مێژوویی وڵاتەکەیەتی.



