دووبارەکردنەوەی سەردەمی زێڕین؛ سۆلشایەر مارکوس راشفۆرد یەکدەگرنەوە
بارسێلۆنا جوڵەی فەرمی نەکردووە

یاریگا –
مانچێستەر یونایتد بیر لە گەڕاندنەوەی مارکوس راشفۆرد، هێرشبەری ئینگلیزی دەکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک و میدیاکانی بەریتانیا، ئۆلێ گونار سۆلشایەر، بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد وەبگرێت و گفتوگۆکانی لەگەڵ شيیتانە سوورەکان پێشکەوتوون و تەنیا بەڵێی کۆتایی ماوە.
هاوکات رۆژنامەی سپۆرت ئاشکرایکردووە، مانچێستەر یونایتد بیر لەوە دەکاتەوە کۆتایی بە ماوەی خواستنەکەی مارکوس راشفۆرد لەگەڵ بارسێلۆنا بهێنێت و ئەو هێرشبەرە ئینگلیزییە بگەڕێنێتەوە یانەکەی.

لەو سەردەمەی سۆلشایەر راهێنەری مانچێستەر یونایتد بوو، مارکوس راشفۆرد ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش دەکرد، سۆلشایەر دەیەوێت دووبارە راشفۆرد بکاتە چەکێکی کاریگەری تیپەکەی.
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بارسێلۆنا بەنیاز نییە گرێبەستەکەی راشفۆرد بکاتە گرێبەستێکی درێژخایەن و ئەمەش رێگە بۆ شيیتانە سوورەکان خۆشدەکات یاریزانەکە بگەڕێننەوە ئۆڵدترافۆرد.
هێرشبەرە 28 ساڵانییەکە هاوینی رابردوو بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانە کاتالوونیەکە کرد، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 25 یاریی کردووە، 7 گۆڵی کردووە و 11 گۆڵی دروستکردووە.



