
یاریگا –
جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی هیلال، لە دوای وەرزو نیوێک دووبارە پەیوەندی بە تۆپی پێی ئەوڕوپاوە کردەوە.
بارسێلۆنا لەدوای ساڵ و نیوێک دووبارە گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکاری پێشووی خۆی واژۆکرد و خەونی جواو کانسێلۆ هاتە دی: جارێکی دیکە دەرگاکانی کامپ نۆی بەڕودا کرایەوە، ئەمەش لە ساتێکی چارەنووسسازدا بوو لە ژیانی وەرزشی بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە.
گرێبەستە زەبەلاحەکەی هیلال بۆ کانسێلۆ لە سعودیە ئاسان نەبوو، دوای ئەوەی گرێبەستێکی گەورەی واژۆکرد، کە 25 ملیۆن یۆرۆی پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی مان سیتی و مووچەی ساڵانەی 17 ملیۆن یۆرۆی لەخۆگرتبوو، ئەستێرە پورتوگالییەکە بڕیاریدا گەشتەکەی لە سعودیە کۆتایی پێبهێنێت و دەستبەرداری مووچە زۆرەکەی ببێت.
ئەوەی کە بۆ کانسێلۆ روون بوو، بە کاتەکانی لە یانەی هیلال و خولی تۆپی پێی سعودیە دڵخۆش نەبوو. هەندێک لە کێشەکان تەکنیکی بوون، لە کاتە گرنگەکانی ئەم وەرزەدا پێکانەکان بەرۆکی گرتبوو. مانگی ئازاری ساڵی رابردوو بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە. لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا، کێشەیەکی جەستەیی دیکە، ئەمجارەیان لە رانیدا، چەند هەفتەیەکی دیکەی لە دەرەوە هێشتەوە.
جیا لە هۆکاری تەکنیکی، لەو هۆکارانەی زۆرترین کاریگەری لەسەر خواستی کانسلۆ هەبووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات لە خولی سعودیە جێبهێڵێت، رێساکانی تایبەت بە یاریزانە پیشەگەرەکانە. ئێستا هەر یانەیەک بۆی هەیە 10 یاریزانی پیشەگەر تۆمار بکات، بەڵام تەنیا هەشت یاریزانیان دەتوانن لە پێکهاتەدابن. جگە لەوەش، پێویستە دوو لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکان تەمەنیان لە خوار 22 ساڵەوە بێت.
ئەم یاسایانە فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر یاریزانانی وەک کانسێلۆ. بەهۆی ئەوەی سیمۆن ئینزاگی لەسەر کورسی یەدەگی یانەی هیلال، بژاردەی دیکەی بە باشتر زانیوە و بەرگریکارە پۆرتوگالییەکەی لە پێکهاتەکەیدا بێبەش دەکرد.



