
یاریگا –
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە, کە لیۆن گۆرێتزکا بووەتە ئامانجی بارسێلۆنا و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی یاریزانەکە دەکات.
بلاوگرانا چاوی لەوەیە لە هاوینی داهاتوو بەخۆڕایی یاریزانەکە پەلکێشی ریزەکانی یانەکەی بکات کاتێک گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
یاریزانە ئەڵمانییەکە نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە باڤارییەکە نوێبکاتەوە و سەرجەم گفتووگۆکانی هەڵپەساردووە، چونکە پێیوایە گرنگی خۆی لای بەرپرسانی یانەکە لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانییارییەكانی تۆڕی سکای سپۆرتس، یانەی ناپۆلی ئیتاڵی گرێبەستێکی فەرمی پێشکەش بە یاریزانەکەی هێڵی ناوەند کردووە،
هەروەها یانەی بایەرلیڤەرکوزن و چەندین یانەی دیکەی پرێمەرلیگ ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن، بەڵام یاریزانەکە چاوەڕێی بلوگرانا دەکات و نایەوێت درێسی هیچ یانەیەکی دیکە بپۆشێت.
ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان هانزی فلیک و یاریزانەکەدایە، چونکە یەکێک بوو لە یاریزانە گرنگەکانی فلیک لە بایرن میونشن.
بارسا ئێستا پێویستی بە یاریزانی ناوەڕاستکار نییە، تەنها دەیەوێت دوو یاریزان لە هێڵی بەرگریی و هێرشبەر بگوازێتەوە تاوەکو کەموکوڕییەکانی پێ پڕبکاتەوە, بەڵام لە هاوینی داهاتوو یاریزانەکە دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، بارسا نایەوێت ئەو دەرفەتە لەدەستبدات و هەوڵدەدات یاریزانەکە بگوازێتەوە.



