Loading...
ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

یانەی خەونەکان؛ هەمووان دەیانەوێت یاریی بۆ بارسێلۆنا بکەن

یانەی خەونەکانی ئەستێرەکان

Yariga App

یاریگا –

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا بووەتە یانەی دڵخوازی یاریزانە گەورەکانی ئەوروپا،
سەرباری ئاستەنگە داراییەکانی یانەکە، چەندین ئەستێرەی گەورە دەیانەوێت درێسی بلوگرانا بپۆشن.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، جواو کانسێلۆ، دوسان ڤلاهۆڤیچ و نیکۆ شلۆتێربێک، دیارترین ئەو ناوانەن کە دەرگایان بە رووی یانەکەی هەرێمی کاتالوونیادا کراوەیە.

پلانی بارسێلۆنا بۆ بازاڕی گواستنەوە روونە، یانەکە دەیەوێت هێڵی بەرگریی یانەکەی بە گواستنەوەی بەرگریکارێک لە زستاندا پتەوبکات، هەروەها دەیەوێت هێرشبەرێکی سەرەڕم لە وەرزی نوێدا بگوازێتەوە.

جواو کانسێلۆ پێشتر بەشێوەی خواستن یاریی بۆ یانە کاتالوونییەکە کردووە و ئاشنایە بە یانەکە، بەرگریکارە پۆرتووگالییەکە نەیشاردووەتەوە کە حەز بە شێوازی یاریکردنی بارسا دەکات و پێیوایە شێوازی یاریکردنی خۆی کە زیاتر مەیلی هێرشبەریی هەیە لەگەڵ یانەکە دەگونجێت، تەنانەت دەتوانرێت وەک یاریزانی ناوەڕاستیش پشتی پێ ببەسترێت.

کانسێلۆ لەپێناو یانەی دڵخوازی، گفتووگۆکانی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان وەستاندوە. خۆرخێ مێندێز، بریکاری کارەکانی یاریزانەکە، لە هەوڵدایە یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە کامپ نو.

نیکۆ شلۆتێربێک، یەکێکە لەو یاریزانانەی هێڵی بەرگریی کە ناوی بە یانە کاتالوونییەکە بەستراوەتەوە. بەرگریکارە ئەڵمانییەکە وەک بژاردەیەکی نایاب بۆ بارسا تەماشادەکرێت بەهۆی ئەوەی یاریزانێکی لەسەرخۆیە و توانای جەستەیی زۆر بەرزە، هەروەها لە دابەشکردنی تۆپدا زۆر لێهاتوویە، تەواوی تایبەتمەندییەکانی یاریزانەکە لەگەڵ بارسا دەگونجێت.

هەرچی دوسان ڤلاهۆڤیچ’ـە، ئەویش یەکێکە لەو یاریزانانەی ئارەزوو دەکات یاریی بۆ بارسا بکات. هێرشبەرە سڕبییەکە دەیەوێت ئاڵەنگارییەکی نوێ تاقیبکاتەوە و بەشداریی لە پڕۆژەیەکی پڕ لە رکابەری بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بارسا وەک شوێنی نموونەیی دەبینێت و چاوی لەوەیە لەو یانە ئەسپی خۆی تاوبدات.

لە ئێستادا یانەکە لە هیچ کام لەو گرێبەستانەی یەکلایینەکردووەتەوە، بەڵام ئارەزووی ئەو یاریزانانە بۆ یاریکردن بۆ بارسا،
دەرخەری ئەو راستییەیە کە یانەکە سەرەڕای کێشە داراییەکانی، هێشتا یانەی خەونەکانی گەورەکانی ئەوروپایە.
مێرکاتۆی زستانە یان هاوینی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت لە بریاردان لە چارەنووسی ئەو یاریزانانە ئاخۆ خەونەکانیان دێتەدی یاخود نا.

بابەتی زیاتر

Back to top button