
یاریگا –
دوای یەکسان بوونەکەیان بەرامبەر قوەجەوییە، راهێنەری هەولێر ستایشی ئاستی یاریزانەکانی دەکات و دەڵێت وەک پاڵەوان دەرکەوتن لەم یارییە.
لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێڕ لە یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ قوەجەوییە یەکسان بوو، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، باسم قاسم، راهێنەری هەولێر ستایشی ئاستی یاریزانەکانی کرد بۆ ئەو ئاستەی کە بەرامبەر جەوییە پێشکەشیان کرد، لە نێو سەرجەم یاریزانەکانیش ئەستێرەی یارییەکە دەستنیشان دەکات.
باسم قاسم، راهێنەری ئیمپڕاتۆڕەکەی عێڕاق لە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە دەربارەی یەکسان بوونەکەیان رایگەیاند:
لە گێمی یەکەم هەلێکی ئەوتۆمان نەبوو گۆڵی پێ تۆمار بکەین، بەڵام لە گێمی دووەم دەمانتوانی یارییەکە بە سەرکەوتن بۆ خۆمان یەکلایی بکەینەوە، سوپاسی یاریزانەکانم دەکەم ئاستێکی پاڵەوانانەیان پێشکەشکرد، مستەفا قابیل تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە وێڕای ئەوەش ئاستێکی زۆر بەرزی نیشاندا و یارییەکی گەورەی پێشکەشکرد، پشتیوان بەخوا دەگەڕێینەوە سەرکەوتن و پارێزگاری لە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەکەین.
بەم یەکسان بوونە هەولێر خاڵەکانی گەیاندە 24 خاڵ و لە پێشەنگی خولەکە مایەوە، یاریی داهاتووش لە دهۆک رووبەڕووی موسڵ دەبێتەوە، قوەجەوییە بە 18 خاڵ بە شێوەی کاتی لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



