
یاریگا –
بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ رێچکەی سەرکەوتن و ئاتکردنەوەی هاندەرەکانی، نەورۆز لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفت دەبێتەوە.
لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دوو شەممە ( 5ـی کانوونی دووەمی 2026 ) کاتژمێر 4ـی ئێوارە نەورۆز لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفت دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە سوور پۆشەکانی سلێمانی لە توانای رەوا یوسفی ناوەڕاستکار بێبەش دەبن، رەوا بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر مینا، ناتوانێ لە یارییەکەی نەفت یاریی بکات.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز گلەیی لە راهێنەری پێش خۆی دەکات، دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەش بۆ یارییەکە گووتی:
یارییەکی زۆر گرینگە بۆ ئێمە، نەفت یانەیەکی بەهێزە و پێکهاتەیەکی جێگیری لێک تێگەیشتووی باشیان هەیە، یاریزانەکان ئامادەن و کاتی ئەوەیە سێ خاڵ پێشکەشی هاندەران بکەین، بەداخەوە نەورۆز کە هاتۆتە نێو خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بۆ ئەم وەرزە لە رووی توانای جەستەیی و هونەریشەوە ئامادە نەکراوە، ئەمەش کاتی زۆر خایاند تاوەکو بە قۆناخ کێشەکانمان چارەسەر کردووە.
تەقێ فەلاح، یاریزانی نەورۆز دەربارەی ئامادەیی یاریزانەکان بۆ یارییەکە و ئامانجی تیپەکە رایگەیاند:
یاریی بەرامبەر نەفت ئاسان نیە، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەین ئەوەی لە توانامان بێت پێشکەشی بکەین بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵ، وەلی کەریم راهێنەرێکی جیاوازە لە رووی هونەری و مەشق دانەوە و کەسایەتی، دەمانەوێت لەگەڵمان بەردەوام بێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی به دەستهێنانی ئەنجامی باش دەدەین.
نەورۆز دوای حەفت شکستی بەدوای یەک لە یاریی رابردوو خاڵێکی وەرگرت، لە نۆ یاریی چوار خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 19 دێت، گەڕی داهاتووش لە ناسڕیە رووبەڕووی غەڕاف دەبێتەوە، نەفت 13 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 12ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



