هۆکاری سەیر و سەمەرەی مارێسکا بۆ وەرنەگرتنەوەی قەرەبوو لە چێڵسی!
توڕەیی لە بەڕێوبەرانی چێڵسی…

یاریگا ـ
ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری پێشووی چێڵسی هێندە لە دەستەی کارگێڕی یانەکە توڕەیە، رەتیکردەوە باسی ئەو بڕە قەرەبووەش بکات کە دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی وەریدەگرێت.
مارێسکا هەفتەی رابردوو چێڵسی بەجێهێشت، بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە بلوز بۆ پلەی پێنجەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دابەزی و لە کۆتا پێنج یاریدا تەنیا یەک یارییان بردەوە. یانەکە ئێستا ئامادەکاری بۆ گەشتەکەی بۆ مانچێستەر سیتی دەکات، کالۆم مەکفارلین راهێنەری تیپی خوار 21 ساڵان بڕیارە راهێنەرایەتی تیپی یەکەم بگرێتە ئەستۆ.
رۆژنامەی سەنی بەریتانی بانگەشەی ئەوە دەکات، بڕیارەکەی مارێسکا بۆ جێهێشتنی چێڵسی بەو مانایەیە کە دەبێت دەستبەرداری مەرجی ئازادکردنی 14 ملیۆن پاوەند بێت، ئەمەش لەکاتێکدایە لەگەڵ مانچێستەر سیتی لەسەر ئەگەری جێگرتنەوەی پێپ گواردیۆلا گفتوگۆی کردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، مارێسکا لە رەفتارەکانی سەرۆکی یانەی چێڵسییەوە تووڕە بووە بەوەی کە باڵا دەستی لە یانەکەدا کەم کراوەتەوە، تەنانەت لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەدا لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرەبوو دەبێت پێی بدرێت قسەی نەکردووە. بەگوێرەی ئەو گرێبەستە پێنج ساڵەی کە لە ساڵی 2024 لە لیستەر سیتیەوە پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد، دەبێت 14 ملیۆن پاوند وەربگرێت.
مووچەکەی بە نزیکەی چوار ملیۆن پاوەند لە ساڵێکدا خەمڵێندراوە و رۆیشتنی دوای 18 مانگ وایکردووە بڕە پارەیەکی زۆر بەدەستبهێنێت. هەروەها کەسانی نزیک لە مارێسکا ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردۆتەوە کە باس لەوە دەکەن مانچێستەر سیتی هەوڵی داوە بەرژەوەندییەکانی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر چێڵسی بۆ ئەوەی گرێبەستێکی نوێی پێشکەش بکات.
مارێسکا زۆر دڵتەنگە بەو بانگەشانەی کە باس لەوە دەکەن لەگەڵ ستافی پزیشکی یانەکەدا کێشەی هەبووە و دواتر تەندروستی یاریزانە سەرەکییەکانی تیپی یەکەمی وەک کۆل پاڵمەر و ریس جەیمس خستۆتە مەترسییەوە. ئەو هەستی بە توڕەیی و بێزاری کرد بەهۆی زۆری دەستوەردانی ئیدارەی یانەکە، بەتایبەتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێکهاتەی سەرەکی و گۆڕانکارییە ئەگەرییەکان.
بێگومان رەفتاری باڵادەستانی یانەکە جیا لە مارێسکا گروپێک لە هاندەرانیشی تووڕە کردووە. ئەم هەنگاوەی هاندەران لەدوای زنجیرەیەک رەفتاری کارگێڕی چێلسی دێت، گرووپە ناڕازییەکە دەیانەوێت بە کارگێڕی چێڵسی بڵێن کە، چێڵسی یانەیەکە بۆ تۆپی پێ و بردنەوەی نازناو نەوەک بازرگانی پێکردن و کۆکردنەوەی پارە.



