
یاریگا –
زاخۆ بەبێ چەند یاریزانێکی سەرەکی تیپەکەی لە بەغدا رووبەڕووی شوڕتە دەبێتەوە، راهێنەری تیپەکەش یارییەکە بۆ هەردوو تیپ بە ئاسان نازانێت.
یەک شەممە ( 4ـی کانوونی دووەمی 2026 ) کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی شوڕتە دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە زاخۆ لە توانای شێرکۆ کەریم بە هۆی پێکان و ناسڕ محەمەدۆ و ئورینهۆی بەڕازیلی بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بێبەش دەبێت.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ باسی قورسی یارییەکە بۆ هەردوو یانەکە دەکات و دەشلێت هەندێ یاریزانمان ئامادە نابن و کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت:
یارییەکە بۆ هەردوو یانە ئاسان نیە، چەند یاریزانێکی ئێمە بۆ یارییەکە ئامادە نابن، بەڵام ئامانجمان وەرگرتنی سێ خاڵە لەم یارییەدا، پێویستە لەسەرمان لە ریزبەندی بەرەو سەرەوەتر بڕۆین، بۆ ئەمەش پێویستە لە باشترین ئاستی خۆمان دابین لە یارییەکەی بەرامبەر شوڕتە.
زاخۆ یاریی رابردوو لە یاریگای خۆی دوو خاڵی گرینگی لە دەستدا کاتێک لەگەڵ کەرخ بە گۆڵێک یەکسان بوو، زاخۆ 15 خاڵی هەیە لە ریزبەندی حەفتەم دێت، یاریی داهاتووش میوانداری ئەمانەی بەغدا دەکات.
شوڕتە سێ یارییە بەدوای یەک شکست دەهێنێت، دوو یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و یارییەکەیش لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، شوڕتە بە 15 خاڵ لە ریزبەندی شەسەمی خولەکە دێت.



