
یاریگا –
گفتوگۆی نێوان ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێدەکاتەوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بڕیاریداوە بەمزووانە گفتوگۆی نوێکردنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر، هێرشبەری بەڕازیلی دەستپێبکاتەوە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە روونیکردووەتەوە، هیچ شتێک نەگۆڕاوە، ریال مەدرید نایەوێت دەستبەرداری ڤینیسیۆس ببێت، ئەستێرە بەڕازیلییەکەش دەیەوێت لە لۆس بلانکۆس بمێنێتەوە.
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، جونیۆر لەدوای جامی جیهانی یانەکان داواکارییەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کەمکردووەتەوە، ئێستا جیاوازی ئەو مووچەی ڤینی داوای دەکات لەگەڵ ئەو مووچەی ریال مەدرید پێشکەشی کردووە %15ـیە و ئەوەش نابێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
ڤینی دوایین جار لە 2023 گرێبەستەکەی بۆ چوار وەرزی دیکە نوێکردنەوە و پاش 18 مانگی دیکە گرێبەستەکەی بەسەردەچێت.
یەکەم پۆستی جونیۆر لە 2026 پەیامێک بوو بۆ مەدریدییەکان کە لە یانەکە دەمێنێتەوە و لە ئینستاگرام نووسیویەتی: با 2026 بکەینە ساڵێکی دڵڕفێن، بۆ هەمیشە هالا مەدرید، خۆشمدەوێن.

ڤینی لە هاوینی 2018 بە 45 ملیۆن یۆرۆ لە فلامینگۆی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 150 ملیۆن یۆرۆیە.
لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 346 یاریی بۆ ریال مەدرید کردووە، 111 گۆڵی کردووە و 94 گۆڵی دروستکردووە.
ذوو نازناوی چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی لالیگا، دوو جامی جیهانی یانەکان، یەک جامی کیشوەرەکان، سێ سوپەری ئیسپانیا و یەک جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.



