
یاریگا –
دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی بە دەستهێنا و عەبدولغەنی شەهدیش سوپاسی یاریزانەکانی دەکات.
لە نێو جەرگەی بەغداوە دهۆک بە سەرکەوتنێکی گرینگ گەڕایەوە، هەڵۆکانی چیا لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق 2 _ 0 لە قوەجەوییەیان بردەوە، دووەم سەرکەوتنی بەدوای یەک بوو لەم وەرزە دهۆک بە دەستیهێنا دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو لە نەجەفی بردەوە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک دوای یارییەکە سوپاسی یاریزانەکانی کرد و دەربارەی سەرکەوتنەکەش گووتی:
سەرکەوتنەکە لە کات و پێگەی خۆیدابوو، بۆ ئەوەی لەم دۆخەی دهۆک تێیدایە دەربچین پێویستمان بەم جۆرە سەرکەوتنانەیە کە بەرامبەر تیپێکی گەورەی وەک جەوییە، ئەو ئەرکانەی بە یاریزانەکانمان دابوو بە تەواوی جێبەجێیان کرد، سوپاسی یاریزانەکانم دەکەم تەواوی توانایان خۆیان بۆ ئەم سێ خاڵە خستە گەڕ، سوپاس بۆ کارگێڕی و هاندەران تایبەت ئەوانەی لە یاریگا ئامادەبوون، هەوڵدەدەین دهۆک بگەیەنینە ئەو پێگەی کە شایستەیە.
لە نۆ یاریی دهۆک 11 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی 14ـی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە، قوەجەوییەش بە 17 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم مایەوە و یاریی داهاتووشی بەرامبەر هەولێرە لە یاریگای فرانسۆ هەریڕی.



