
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانە لاوەکان ستراتیژێکی ژیرانە و پڕقازانج پەیڕەودەکات.
یانەی شاهانە لەبری فرۆشتنی یاریزانە لاوەکانی، بەشێکی خاوەندارێتیان (زۆربەی جار %50) بۆ خۆی دەهێڵێتەوە واتا ئەگەر یاریزانەکە لە یانەیەکی دیکە فرۆشرا، بەشێکی پارەکە بۆ ریال مەدرید دەبێت، یاخود بڕگەی کڕینەوەیان کارا دەکات، تاوەکو ئەگەر یاریزانەکە بەرەوپێشچوو سوود لە فرۆشتنی وەرگرن.
ئەم ستراتیژییە دەرفەت بۆ یاریزانەکان دەڕەخسێنێت خولەکی زیاتر لە یانەکانی دیکە یاریی بکەن و بەهایان لە بازاڕی گواستنەوە بەرزببێتەوە.
ئێستا یانەکە نزیکەی 10 یاریزانی هەیە کە بەشێوەی خواستن بە یانەکانی دیکەی داون، یان بەشێکی خاوەندارێتی یاریزانەکەی هێشتووەتەوە.
لە ئەنجامدا بەشێکی زۆریان بەهایان لە بازاڕی گواستنەوە بەرزبووەتەوە، بە نموونە؛ نیکۆ پاز، ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی بە 10 ملیۆن یۆرۆ روویکردە کۆمۆی ئیتاڵی، بەگوێرەی ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێت، ئێستا بەهای یاریزانەکە بووە بە 65 ملیۆن یۆرۆ
نموونەیەکی دیکە؛ خاکوب رامۆن’ـە کە بە 1 ملیۆن یۆرۆ بە هەمان یانەی فرۆشت و ئێستا بەهای یاریزانە ئیسپانییەکە بۆ 18 ملیۆن یۆرۆ بەرزبووەتەوە
بەگوێرەی رۆژنامەی ئاس، مێرەنگی لەڕێی بەکارهێنانی ئەم ستراتیژە زیاتر لە 160 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە
ستراتیژەکە تەنها پەیداکردنی پارە نییە، فڕان گارسیا یەکێکە لەو یاریزانانەی لۆس بلانکۆس بە رایۆ ڤالیکانۆی فرۆشت، بەڵام مافی کڕینەوەی لەگەڵدا کارا کرد، لە ئەنجامدا یاریزانەکە ئاستی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە و دواتر ریال مەدرید گەڕاندیەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ



