
یاریگا –
ساڵی 2025، بۆ هەندێک لە بەربژیرانی باڵۆن دۆر بەپێچەوانەی ئەستێرەکانی دیکە ساڵی نەهامەتی و دابەزینی ئاست بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن ترانسفێرمارکتەوە کۆکراونەتەوە، فیل فۆدن لە ساڵی 2025دا نزیکەی نیوەی بەهای بازاڕی خۆی لەدەست داوە، لەکاتێکدا ئەستێرەکەی مانچێستەر سیتی لەم دواییانەدا لە هەوڵی گەڕانەوەی بۆ بەرزترین ئاستیدایە.
فۆدن، کە براوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی 2023-2024 بوو، بەگوێرەی ئاستە نالەبارەکەی یانەکەی لە وەرزی رابردوودا، تەنیا 13 گۆڵی لە 49 یاریدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمارکرد. بەڵام لەم وەرزەدا فۆدن جارێکی دیکە بەرەو هەڵکشان دەچێتەوە و جارێکی دیکە یاوەری تیپەکەی پێپ گواردیۆلا دەکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ. بەهای بازاڕی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و 60 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە و ئێستا بەهاکەی لە ترانسفێرمارکێت 80 ملیۆن یۆرۆیە.

بێگومان لە دوای فۆدنەوە، رۆدری، براوەی باڵۆندۆری 2024 دێت. یاریزانە ئیسپانییەکە نرخی نوێی 75 ملیۆن یۆرۆیە، کە دابەزینی بە نزیکەی 55 ملیۆن یۆرۆی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێچەوانەی فۆدن، رۆدری بەشێکی زۆری وەرزی 2024-2025ی پێکانەوە بەسەربرد. رۆدری لە دوای گەڕانەوەی بۆ یاریگا کێشەی زۆری هەبووە، بەم دواییە بەهۆی کێشەی بەردەوامی بڕبڕەکانی پشتیەوە دوورکەوتووەتەوە و لەم وەرزەدا تەنیا چوارجار لە پێکهاتەی گواردیۆلادا یاریی کردووە.
یەکێکی دیکە لە یاریزانەکانی مانچێستەر سیتی کە بەهۆی ئاستە ناجێگیرەکەی وەرزی 2025-2026 تووشی دابەزینێکی بەرچاوی بەهاکەی بووە، بێرناردۆ سیلڤایە، کە بەهاکەی نزیکەی 33 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە بۆ 27 ملیۆن یۆرۆ.
هەروەها بەشێک لە یاریزانانی ئارسیناڵی رکابەری سیتیش بەهاکانیان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، مارتن ئۆدیگاردی کاپتنی گەنەرز یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکان کە بەهاکەی دابەزیوە. ئۆدیگارد هاوشێوەی رۆدری ساڵی 2025ی بە کێشەی پێکانەوە دەیناڵاند، بەهاکەی 35 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە بووەتە 75 ملیۆن یۆرۆ.

یاریزانێکی دیکەی پرێمەرلیگ کە شایەنی باسە و بەشێوەیەکی بەرچاو هەم ئاست و هەم بەهاکەی دابەزیوە، گرێبەستە گرانبەهاکەی لیڤەرپوول، فلۆریان ڤیرتزە. ڤیرتز کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا بەهای نزیکەی 140 ملیۆن یۆرۆ بوو، لە مانگی ئابدا بە بڕی 116 ملیۆن پاوەند رووی لە یانەی مێرسیساید کرد، کە ژمارەیەکی پێوانەیی گواستنەوەی ئینگڵتەرا بوو لەو کاتەدا هەرچەندە دواتر بە گرێبەستکردنی ئەلێکساندەر ئیزاک ژمارە پێوانەییەکە شکێندرا. بەڵام لە ترانسفێرمارک ڤیرتز لە ماوەی ساڵێکدا 30 ملیۆن یۆرۆی لە بەهای خۆی لەدەستداوە، بەهای ئێستای لە بازاڕدا بە نزیکەی 110 ملیۆن یۆرۆ دادەنرێت.
ئەستێرەکانی دیکەی ساڵی 2024 کە بەهۆی کێشەکانی ناو یاریگا بەهاکەیان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بریتین لە ڤینیسیۆس جونیۆر کە پێشتر ئەستێرەی درەوشاوەی ریال مەدرید بووە و پاڵێوراوێکی سەرەکی بووە بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ساڵی رابردوو. بەڵام لە دوای بەخشینی خەڵاتەکە بە رۆدری، ئاستی ڤینیسیۆس دابەزیوە، یاریزانە بەرازیلیەکە لەم وەرزەدا تەنیا پێنج گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمارکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوای دەستنیشانکردنی چابی ئاڵۆنسۆ وەک راهێنەری نوێ ریال مەدرید، لە بێرنابیۆدا گێژاو دروست بووە.
لە ئەنجامدا ڤینیسیۆس تووشی دابەزینی بەهای نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆ بووە، کە سێیەم گەورەترین دابەزینە لە ساڵی 2025، بەمەش کۆی بەهای بازاڕەکەی گەیشتووەتە 150 ملیۆن یۆرۆ کە هێشتا سەرنجڕاکێشە. هەروەها دوو هاوتیمی ڤینی لە ریال مەدرید بەهاکانیان دابەزیوە، ئەوانیش رۆدریگۆ 40 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە و لە پلەی پێنجەمدایە، هەروەها ئێدواردۆ کاماڤینگا کە 30 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە و لە پلەی نۆیەمدایە.



