گۆرانکاریی گەورە؛ تۆتنهام بۆ فرۆشتن دانراوە

یاریگا –
بەگوێرەی دوایین راپۆرتە هەواڵییەکان، خاوەندارێتی یانە لەندەنیییەکە لەبەردەم گۆرانکارییەکی گەورەدایە.
کیز مینس، بازرگان و خاوەنی پێشووی یانەکانی ئێڤەرتن و ئاستۆن ڤێلا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی فووتبۆڵ ئینسایدەر، ئاشکرایکردووە خاوەنەکانی ئێستای یانەکە پلانی درێژیخایەنیان نییە و بەنیازی فرۆشتنی یانەکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە تۆتنهام لەدوای رۆیشتنی دانیال لیڤی، سەرۆکی پێشووی یانەکە، هیچ پلان و ستراتیژێکی نەماوە، ئاراستەی روون و سەرکردایەتی لەدەستداوە.
هەرچەندە سپێرس پێشتر رایگەیاندووە یانەکەیان بۆ فرۆشتن نییە، بەڵام بڕیاری پێداچوونەوەی ژمێریاریی سەردەمی لیڤی گومانی لە دەستەی کارگێڕیی ئێستای یانەکە دروستکردووە.
بەپێی وتەکانی مینس، چەند گرووپێک بۆ کڕینی یانەکە هاتوونەتە سەرهێڵ و گفتووگۆکانیان دەستپێکردووە.
یەکلایینەکردنەوەی چارەنووسی تۆماس فرانک، راهێنەری یانەکە، گومانەکانی زیاتر کردووە، ئەگەرچی ئەنجامەکانی راهێنەرە دانیماڕکییەکە دڵخۆشکەر نین و بەردەوام مەترسی دوورخستنەوەی لێ دەکرێت، بەڵام کارگێڕیی یانەکە تاوەکو ئێستا بڕیاریان لەسەر چارەنووسی فرانک نەداوە.



