ریال مەدرید پلانی بۆ ئەگەری شکستهێنانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر داناوە

یاریگا –
ریال مەدرید لە گفتووگۆکانی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەردەوامە، بەڵام داخوازییە داراییەکانی یاریزانەکە بەرەوپێشچوونەکانی خاوکردووەتەوە، چونکە یانەکە ئامادەنییە داخوازییەکانی هێرشبەرە بەرازیلییەکە جێبەجێبکات، هەرچەندە هەردوولایان نایەنەوێت لەیەکتر جیاببنەوە.
ئیدارەی ریال مەدرید، بەتایبەتیش فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، ڤینیسیۆس وەکو یاریزانێکی گرنگ و سەرەکی بۆ داهاتوو و پرۆژەی یانە شاهانەکە دەبینن، لە هەمان کاتدا، هێرشبەرە تەمەن 25 بەهارییەکە، ئارەزووی خۆی بۆ مانەوە دەربڕیوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کادینا سێر، لۆس بلانکۆس وەک بژاردەی جێگرەوە لە ڤیتینیا، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی پاریس سان جێرمان دەڕوانێت، و پێیانوایە دەتوانێت کەموکورتییەکانی هێڵی ناوەڕاست پڕبکاتەوە و هێزێکی زۆر بە تیپەکە ببەخشێت.
گواستنەوەی ناوەڕاستکارە پۆرتوگالییەکە بۆ ریال مەدرید ئاسان نابێت، چونکە تاوەکو 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە هەیە و یاریزانێکی گرنگ و سەرەکیشە، هەروەها پەیوەندییەکانی هەردوو یانەکە لە ئاستێکی خراپدایە، گواستنەوەکە دەبێت بە فشاری زۆری خودی یاریزانەکە ئەنجامبدرێت، هەرچەندە ئەگەر هەیە پاریس بەم جۆرەش دەستبەرداری ئەستێرەکەی هێڵی ناوەندی نەبێت بۆ ریال مەدرید.



