Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید لە کەیسی نێگرێیرا داوای قەرەبووی دارایی دەکات

Yariga App

یاریگا –

یانەی ریال مەدرید دەست لە کەیسی نێگرێیرا هەڵناگرێت و بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان دژی بارسێلۆنا.

رۆژنامەی ئاس، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە ئێستا یانەی شاهانە بیر لەوە دەکاتەوە داوای قەرەبوو لە رکابەرە مێژووییەکەی بکات، چونکە پێیوایە ئەو کەیسە زیانی زۆری بە تۆپی پێی ئیسپانیا گەیاندووە.

بەپێی سەرچاوە دادوەرییەکان، مەدرید بەفەرمی داوای لە دەسەڵاتی دادوەری ئیسپانیا کردووە وردبینی بۆ بەڵگەنامە داراییەکانی پەیوەست بە چالاکییە ئابوورییەکانی بارسێلۆنا لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2018 بکرێت، کە 625 بەڵگەنامە لەخۆدەگرێت و تیشک دەخاتە سەر ئەو پارانەی دراون بە کۆمپاکانی پەیوەندیدار بە نێگرێیرا.

لۆس بلانکۆس پێیوایە زیانەکان بە 8.4 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێندرێن، رەنگە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەپێی ماددەی (4.1)، سزای یانە کاتالوونییەکە بدات، بەڵام ریاڵ مەدرید بەوەندە ناوەستێت و بیر لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکاتەوە تاوەکو داوای قەرەبووی دارایی بکات.

ریال مەدرید پێشتر لە درێژکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان تا یەکی ئازار سەرکەوتوو بوو و چالاکترین لایەنی ئەم دۆسیەیە، لەکاتێکدا لالیگا و یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا کەمتریان قسەیان لەو بارەیەوە هەبووە، یانەکە پێیوایە لێکۆڵینەکان پێویستە بەردەوام بن تاوەکو بزانرێت یارییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبردراون یاخود ناوبژیوانان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی لایەنێک.

پێشتریش لە دادگا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، رووبەڕووی چەند پرسیاری تووند کراوەتەوە لەسەر زانیارییەکانی سەبارەت بەو پارانەی یانەکەی خەرجیکردوون و بۆچی بڕی پارەکە بەردەوام بەرزبوونەتەوە و ئایا ئەو خزمەتگووزاریانەی گوایە کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە نگێرێیرا پێشکەشیدەکەن، پشراستکراونەتەوە یاخود وەک خۆی ئەنجامدراون.

ئەم کەیسە ناکۆییەکانی نێوان دوو زلهێزەکەی ئیسپانیای قووڵتر کردووەتەوە، لەگەڵ درێژبوونەوەی لێکۆڵینەوەکانیش ریاڵ مەدرید ئاماژەی بەوە کردووە کە لەرێگەی رێکارە یاساییەکانی بەردەستی لە بەدواداچوون بەردەوام دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button