Loading...
عێراق

ئەمانەی بەغداد گرێبەستی ئەستێرەکەی پێشووی لالیگا هەڵدەوەشێنێتەوە

Yariga App

یاریگا –

ئەمانەی بەغدا، گرێبەستی سوفیان فیغۆلی، ئەستێرەی پێشووی لالیگا و پرێمەرلیگ، دوای تەنیا چوار مانگ هەڵوەشاندەوە.

فیغۆلی کە یاریی بۆ یانەکانی ڤالێنسیا و وێستهام یونایتد کردووە، لە گواستنەوەی هاوینەدا پەیوەندی بە ئەمانە بەغدا، میوانە نوێیەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراقەوە کرد. لەماوەی هەشت گەڕی ئەم وەرزە تەنیا توانیویەتی گۆڵێک تۆمار بکات و یانە بەغدادیەکەش، گرێبەستی یاریزانە تەمەن 35 ساڵەکەی و حەمدی لابێدی تونسی هەڵوەشاندەوە.

یانەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانی پشتڕاستکردەوە و نووسی:

سوپاسی سوفیان فیغۆلی و حەمدی لابێدی دەکەین بۆ پابەندبوون و هەوڵەکانیان لە ماوەی یارییکردنیان لە یانەکەدا، گرێبەستەکانیان بە رێککەوتنی هاوبەش هەڵوەشاوەتەوە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە ژیانی پیشەگەرانە و کەسیی خۆیاندا.

بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە، ستافی راهێنەران و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆبوونەوەیەکیان بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی پێکهاتەکە کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە گرێبەستی ئەم دوو یاریزانە پیشەگەرە هەڵبوەشێننەوە.
ئەحمەد خەلەفی راهێنەری ئەمانە دووپاتی کردەوە کە ئاستی ئەو دوو یاریزانە لە چەند هەفتەی رابردوودا زۆر خراپ بووە و نەیانتوانیوە ئەو کاریگەرییە دروست بکەن کە تیپەکە چاوەڕێی دەکرد. لە ئەنجامدا دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵیان، بڕیاریاندا بە رێککەوتنی هاوبەش گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێننەوە”.

فیغۆلی پێشتر بۆ ماوەی شەش وەرز لە لالیگا یاری بۆ ڤالێنسیا کردووە. 82 جار یاریی بۆ هەڵبژاردەی جەزائیر کردووە و نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2019ی بەدەستهێناوە. ئەو یاریزانە لەدایکبووی پاریسە لەگەڵ یانەی گەلاتەسەرای دوو نازناوی خولی سوپەری تورکیا و جامی تورکیای بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button